واشنتن هێزی زیاتر رەوانەی عێراق دەكات

 واشنتن هێزی زیاتر رەوانەی عێراق دەكات
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند، بەمەبەستی هاوكاریكردنی زیاتری هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەڕووی مەشق و راوێژی سەربازی لە شەڕی دژی داعش، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەی سەربازانى بۆ سێ هەزار و 870 سەرباز زیادكرد.

بەپێی راگەیێندراوێكی پێشووی پنتاگۆن تاوەكو ئەم دواییە ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق 3 هەزار و 500 سەرباز بووە، بەڵام دواتر 370 سەربازی دیكەی رەوانەی عێراق كردووە، كاری ئەم سەربازانەش مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكان و پێشكەشكردنی راوێژ و هاوكاری سەربازییە.

بەمەبەستی بەهێزكردنی پرۆسە سەربازییەكانی، ئیدارەی ئەمریكا لە پاییزی رابردوو بڕیاری زیادكردنی هێزە سەربازییەكانی لە عێراق پەسند كرد.

بۆ هەماهەنگی كردن لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر شاری رەقە پێگەی سەرەكی رێكخراوی داعش لە سووریا، ئێستا 50 سەربازی سەربە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە باكووری سووریا جێگیركراون.

هەروەها بۆ بەشداریكردن لە هێرشەكانی تایبەت بە دەستگیركردن یان كوشتنی سەركردەكانی داعش لە چەند هەفتەی رابردوو واشنتن یەكەیەكی دیكەی هێزە تایبەتەكانی لە باكووری عێراق جێگیركردوە.

پێشبینی دەكرێت واشنتن هێزی زیاتریش رەوانەی عێراق بكات، كە ئێستا ژمارەیان سێ هەزار و 870 سەربازە، چونكە بەپێی بنەماكانی پنتاگۆن ئەو سەربازانەی كەمتر لە 120 رۆژ لە نێو سەربازگەكان دەمێننەوە، لە چوارچێوەی ئەم ژمێرە هەژمار ناكرێن.




رووداو
Top