پەرلەمانی عێراق گوتەکانی مەشعان جبوری تاوتوێ دەکات
حاکم سەرحان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند: بەرنامەی کاری رۆژی پێنجشەممە 4/2/2016-ی پەرلەمانی عێراقی بەمشێوەیە خستەڕوو: دەنگدان لەسەر پێشنیازی هەڵوەشانەوەی هەرسێ بڕیاری: ژمارە 15 ساڵی 1998، ژمارە 256-ی ساڵی 1999 و ژمارە 32-ی ساڵی 2000-ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ( هەڵوەشاوە).
خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای دانیشتنەکانی دادگای مەدەنی ژمارە 83-ی ساڵی 1969 و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری.
خستنەڕووی راپۆرتی لیژنە تایبەتمەند لەسەر داواکاری پەرلەمانتاران کە بریتن لە: بەنداوی موسڵ، فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت، لێدوانی باڵیۆزی سعودیە، لێدوانەکانی مەشعان جبوری.
مەشعان جبووری ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانی رۆژنامەڤانیی مشتومڕئامێزدا گوتبووی " ئێمە هەموومان بەرپرسین، هەموومان درۆ دەکەین، هەموومان دەدزین، هەموومان بەرتیل وەردەگرین و، هەرکەسێکیش بڵێ وانییە ئەوا درۆ دەکات و سوێند بەخوا من هەندێک شت دەزانم، کە ئەگەر عێراقییەکان بیزانن ئەوا دێنە ناوچەی سەوز و دەیسووتێن ، ئەگەر من قسەش لەسەر ئەو شتانە بکەم کە دەیانزانم، ئەوا من دەکوژرێم".
هەروەها گوتی " سوێند بەخوا، بەشەرەفم بەرتیلم وەرگرتووە بۆ ئەوەی کەیسێک دابخەم کە بەرتیلەکەش چەند ملیۆن دۆلارێک بوو".
لەو لێدوانە تووندانەدا مەشعان جبووری ئاماژەی بەوەش داوە " تەڵاڵ زەوبەعی، سەرۆکی لیژنەی نەزاهەی عێراق گەندەڵە و 100 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە لەوەتەی سەرۆکی لیژنەی نەزاهەیە"، گوتیشی " سەرۆکی لیژنەی نەزاهە، پێویستی بە لیژنەیەکی نەزاهە هەیە".
رووداو-
