بە کوردانی بەغدا دەڵێن یان چۆڵی دەکەن یان دەکوژرێن

بە کوردانی بەغدا دەڵێن یان چۆڵی دەکەن یان دەکوژرێن
ڕۆژ بە ڕۆژ هەڕەشە لە كوردانی بەغدا لە زیادبووندایە و، هەر لەو سێ ڕۆژەدا ١٥٠ ماڵ هەڕەشەیان لێ كراوە و، مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژیان پێ داون بەغدا چۆڵ بکەن، ئەگینا دەكوژرێن! حکوومەتی عێراقیش لەو بەزمە بێدەنگە؛ جا دەبێ پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم هەڵوێستیان هەبێت.

(ئیسماعیل سایەمیر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی سێ ڕۆژە بە شێوەیەكی زۆر چڕ هەڕەشە لە كوردانی بەغدا دەكەن و گەییشتووەتە ئەوەی هەڕەشە لە ئێمەیش بكرێت و داوا دەكەن پێویستە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ بەغدا چۆڵ بكەن، ئەگەرنا دەكوژرێن، بۆیە ئێمەیش بەرپرسیارەتیی ئەو هەڕەشانە دەخەینە ئەستۆی حكوومەتی عێراق، لەبەر ئەوەی ماوەیەكی گەلێك زۆرە ئەو هەڕەشانە دەكرێ و بەغدایش بێهەڵوێستە."

گوتیشی، ئەمە شەڕێكی دەروونیە دژی كوردانی بەغدا دەكرێت، بەداخەوە لە سەردەمی بەعسدا هەرێمی كوردستان شیعەكانی دەپاراست و ئێستایش سوننەكان، بەڵام لە ئێستادا بە هەموو شێوەیەك هەڕەشە لە كورد دەكرێت و كەسیش لێی بەدەنگ نایەت.

(سایەمیر) ڕوونیشی كردەوە: "ئەوان لە هەڕەشەكانیاندا لە كورد، باس لەوە دەكەن كە ئێوە لایەنگری (سەرۆك بارزانی)ـن؛ هەڵبەت ئەوە بۆ ئێمە شانازییە، چونكە دەزانین هەڵوێستەكانی نەتەوایەتین و كار بۆ دەوڵەتی كوردی دەكات، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئێستا (سەرۆك بارزانی) بووەتە ڕەمزی هەموو كوردێك."
جێگری بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەشڵێت: "تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٥٠ خێزان هەڕەشەیان لێ كراوە، بۆیە داواكارین حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستیان هەبێت، چونكە حكوومەتی عێراق بێدەنگە."
Top