بە کوردانی بەغدا دەڵێن یان چۆڵی دەکەن یان دەکوژرێن
(ئیسماعیل سایەمیر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی سێ ڕۆژە بە شێوەیەكی زۆر چڕ هەڕەشە لە كوردانی بەغدا دەكەن و گەییشتووەتە ئەوەی هەڕەشە لە ئێمەیش بكرێت و داوا دەكەن پێویستە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ بەغدا چۆڵ بكەن، ئەگەرنا دەكوژرێن، بۆیە ئێمەیش بەرپرسیارەتیی ئەو هەڕەشانە دەخەینە ئەستۆی حكوومەتی عێراق، لەبەر ئەوەی ماوەیەكی گەلێك زۆرە ئەو هەڕەشانە دەكرێ و بەغدایش بێهەڵوێستە."
گوتیشی، ئەمە شەڕێكی دەروونیە دژی كوردانی بەغدا دەكرێت، بەداخەوە لە سەردەمی بەعسدا هەرێمی كوردستان شیعەكانی دەپاراست و ئێستایش سوننەكان، بەڵام لە ئێستادا بە هەموو شێوەیەك هەڕەشە لە كورد دەكرێت و كەسیش لێی بەدەنگ نایەت.
(سایەمیر) ڕوونیشی كردەوە: "ئەوان لە هەڕەشەكانیاندا لە كورد، باس لەوە دەكەن كە ئێوە لایەنگری (سەرۆك بارزانی)ـن؛ هەڵبەت ئەوە بۆ ئێمە شانازییە، چونكە دەزانین هەڵوێستەكانی نەتەوایەتین و كار بۆ دەوڵەتی كوردی دەكات، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئێستا (سەرۆك بارزانی) بووەتە ڕەمزی هەموو كوردێك."
جێگری بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەشڵێت: "تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٥٠ خێزان هەڕەشەیان لێ كراوە، بۆیە داواكارین حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستیان هەبێت، چونكە حكوومەتی عێراق بێدەنگە."
