پارێزگاری مووسڵ: بەنداوی مووسڵ مەترسی رووخانی لەسەر نییە
ئەگەری رووخانی بەنداوی مووسڵ ئێستا مژارێكی گەرمی میدیا نێوخۆیی و بیانییەكانە. بەرپرسێكی عێراقی كە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تەلەفۆن بە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقی گوتووە، هەموو شەوێك خەونی ناخۆش و بێزاركەر بە هەرەسهێنانی بەنداوی مووسڵەوە دەبینێت، بە رووخانیشی نەخشەی عێراق دەگۆڕێت.
عەبدوڵڵا تەقی، كە زۆربەی تاڵە مووەكانی قژی سپی بوون، لە ژوورێك دانیشتووە و لەبارەی ئەگەری رووخانی بەنداوی مووسڵەوە دەڵێت "كە هاتمە ئێرە تەمەنم 20 ساڵ بوو، ئێستا مووی سەرم سپی بووە و بەنداوەكە هەر وەكو خۆیەتی، بەڕاستی سەرم سوڕما كاتێك بیستم ئۆباما ئەو قسەیەی كردووە".
عەبدوڵڵا تەقی جێگری بەڕێوەبەری وێستگەی كارەبای بەنداوی مووسڵە، ئەو ئەگەری رووخانی بەنداوی مووسڵ بە دوور دەزانێت و دەڵێت "ئەم وێستگەیە دەتوانێت 1100 میگاوات كارەبا بدات، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە هەندێك گرفتی تەكنیكی بۆ دروستبووە و ئێستا تەنیا 750 مێگاوات كارەبا دەدات. ئەو كێشەیەی باسی دەكەن بەهۆی ئەوەیە كە هەموو وێستگەكە كار ناكات و ئاو تەنیا لەلایەكی بەنداوەكەوە دەردەچێ، ئەگەر وێستگەكە بە تەواوی كار بكات، ئاو لە دوو لاوە دەردەچێت و ئەو مەترسییەی لەسەر نامێنێ".
بەنداوی مووسڵ گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی عێراق و چوارەم گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیكەی مانگێكە كۆشكی سپی و سەرۆك ئۆباما باسی مەترسی رووخانی ئەو بەنداوە دەكەن كە ئەگەر بڕووخێت مەترسیی گەورەی لەسەر شارەكانی مووسڵ و تكریت و تەنانەت بەغداش دەبێت و پێشبینی دەكرێت یەك ملیۆن كەس ژێر ئاو بكەن و نیو ملیۆنیش ئاوارە ببن.
جاسم محەممەد، ئەندازیارێكی بەنداوی مووسڵە كە 15 ساڵە لە بەشی تەكنیكیی ئەو بەنداوە كار دەكات، ئەو هیچ مەترسییەك لەسەر رووخانی بەنداوەكە نابینێ و دەڵێت "ئەو كێشەیەی ئەوان باسی دەكەن لەسەرەتای دروستكردنی ئەم بەنداوە هەر هەبووە، بە پڕكردنەوەی ئەو شوێنانە بە ئاسانی ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت. ئەو قسانە زیاتر بۆ مەبەستی سیاسی دەكرێن".
هەر لەوبارەوە كەریم ئامێدی كە ئەندازیارێكی دیكەی ئەو بەنداوەیە و لە بەشی چاودێری كاردەكات، دەڵێت "من شەو و رۆژ چاودێریی بەنداوەكە دەكەم، بەڵام هیچ مەترسییەك لەسەر رووخانی بەنداوەكە نابینم".
بەرپرسانی عێراقیش هاوشێوەی ئەندازیارانی بەنداوەكە دەڵێن هیچ مەترسییەك لەسەر رووخانی بەنداوەكە نییە.
نەوفەل حەموودی، پارێزگاری نەینەوا راگەیاند : ئێمەش بە حكومەتی بەغدامان راگەیاندووە كە هیچ مەترسییەك لەسەر رووخانی ئەو بەنداوە نییە، تەنیا چەند شوێنێك پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، داوامان لێكردوون كە نۆژەنی بكەنەوە".
رووداو
