عێراق لەبەر قەیرانی دارایی دەست بە فرۆشتنی کارتی دارایی دەکات

عێراق لەبەر قەیرانی دارایی دەست بە فرۆشتنی کارتی دارایی دەکات
حکوومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە و قەیرانی دارایی دەست بە فرۆشتنی کارتی دارایی (سەنەدات) دەکات و سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش پێیوایە ئەوە بۆ ھەرێمی کوردستانیش رێگەیەکی باش بێت.


سەنەداتی دارایی، ھاوشێوەی چەکی بانکییە و حکوومەت لە رێگەی بانکە ناوەندییەکانیەوە دەیفرۆشێ، دواتریش بە گرانتر لە کڕیارەکانی دەکڕێتەوە، بەو شێوەیە حکوومەت سوود لە پارەکە وەردەگرێ بە کۆکراوەیی و ھاوبەشەکانیش بە رێژەی زیادەی ١٠٪ یان زیاتر بەپێی ماوەی دیاریکراو کە ساڵێک بۆ سێ ساڵ دەبێ دەیفرۆشنەوە.


ئەحمەد حاجی رەشید بریاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕای گەیاند، حکوومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بودجە و کورتھێنانی ساڵانە (سەنەداتی دارایی) بە ھاووڵاتیانی عێراق دەفرۆشێ، لەو رێگەیەوە دەتوانێ کورتھێنان یان بەشێک لە قەیرانی دارایی پێ پڕ بکاتەوە، گوتی: “ئەو بابەتە لە بودجەی ٢٠١٦ی عێراقدا جێگیر کراوە و لەمەودوا حکوومەتی عێراق دەتوانێ لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە ئەو سەنەداتانەی بفرۆشێ”.


ئەحمەد حاجی رەشید راشی گەیاند، عێراق لە ھەموو ساڵەکاندا ئەوەی کردووە و دواتریش سەنەدەکانی خۆی کڕیوەتەوە، بەڵام لە ھەندێ ساڵدا ھاوبەشەکان زیانیان کردووە و بە کەمتر لێیان کڕاوەتەوە، گوتیشی: “ھەرێمی کوردستان دەتوانێ سەنەداتی ناوخۆیی بکات و لەو رووەشەوە بڕوا ناکەم عێراق کێشەی بۆ دروست بکات”.


بەپێی زانیارییەکان، عێراق ئێستا زیاتر لە ٢٨ ترلیۆن دینار قەرزی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و وڵاتی لەسەرە و پێویستە بەشێکی زۆری ئەو قەرزانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بداتەوە، ساڵانەش لە رێگەی ئەو سەنەداتانەوە دەتوانێ ٥ ترلیۆن دینار کۆ بکاتەوە کە بەشێکیان بۆ پڕکردنەوەی بودجە و بەشێکیشی دەتوانێ وەکو قەرز بداتەوە، دواتریش لە بودجەی ساڵانەی داھاتووی بودجەی پێویست بۆ کڕینەوەی ئەو سەنەداتانە دادەنێتەوە.


د.عیزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، ھەرێمی کوردستانیش دەتوانێ ئەوە بکات و رێگەیە باشە، گوتی: “لێرەدا کێشەیەکمان دەبێ، کە سەنەدات بانکی ناوەندی دەری دەکات و لە کوردستانیش بانکی ناوەندی نییە”.


ھێمای بۆ ئەوەش کرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێ لە رێگەی بانکی کوردستانەوە بکرێ، گوتی: “ئەو سەنەداتە بۆ کاتێک باشە کە خەڵکی پارەیەکی پاشەکەوتی ھەبێ، بەڵام لێرە لە ھەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر لە داھاتی تاکەکان کە لە بانکدا بووە و حکوومەت خەرجی کردووە ئەو متمانەیە لاواز بووە، لەبەرئەوە ئەگەری ئەوە ھەیە لە کورستان فرۆشتنی سەنەدات کاریگەریی ١٠٠٪ی وەکو عێراقی نەبێت”.


عیزەت سابیر ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێ کارێکی نزیک لەوە بکات و ناوێکی دیکەی لێ بنێت، بە مەرجی ھاووڵاتیان و کڕیاران بە متمانەوە بەخۆیەوە ببەستێتەوە.






باسنيوز
Top