لە یەك هەفتەدا هاوپەیمانان 449 ئاماجی داعشیان لەنێوبردوون

 لە یەك هەفتەدا هاوپەیمانان 449 ئاماجی داعشیان لەنێوبردوون
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا چالاكییەكانی هەفتەی رابردووی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەنێوان 12 بۆ 18-1-2016 بڵاوكردنەوە. بەپێی بڵاوكراوەكە ژمارەیەكی زۆر لە ئامانجەكانی داعش لەنێوبراون، سەرەڕای زیانە گیانییەكان و لەنێوبردنی پێداویستییە سەربازییەكانیان.

بەپێی راگەیێندراوێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هێزەكانی هاوپەیمانان بە رابەرایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەماوەی یەك هەفتەدا 449 ئامانجی داعشیان لەنێوبردوون.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەو ئامانجانەی لەنێوبراون، سەنگەرەكان و یەكە تەكتیكییەكان و ناوچەكانی گردبوونەوە بوونە، سەرەڕای گرنگترین ئامانج، كە لەنێوبردنی خاڵی كۆكردنەوەی پارەی داعش بووە.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "لە دوایین گورزی ئاسمانیدا بە ملیۆنان دۆلار لە پارەی تیرۆریستان لەنێوبرا". جەخیشكراوەتەوە هەوڵەكانی هاوپەیمان بەردەوام دەبن تاوەكو شكست بە داعش دەهێندرێت.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 11-1-2016 فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە شاری موسڵ، خەزێنەی داعشیان بۆردوومانكرد و تێكیانشكاند، كە ئەو خەزێنەیە لەلایەن داعشەوە بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنی تێچووی هێرشەكانیان بەكاردەهێندرا.










رووداو
Top