حەیدەر عەبادی دەستبەسەر دەکرێت
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لەو کاتەی حەیدەر عەبادی سەردانی قەزای میقدادییەی کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی چوار مزگەوتی سوننەکان و تیرۆرکردن و کوشتنی دەیان هاووڵاتی ئەو قەزایە، گرووپێکی حەشدی شەعبی دەستبەسەری دەکات و رێگای پێنادات بچێتە ناوچەکە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە یاوەرانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشتری عێراق کردووە و پێی راگەیاندووە، کە بارودۆخەکە ترسناکە و مەترسیی کوشتنی سەرۆک وەزیران هەیە.
هەروەک میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دواتر سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پەیوەندیی بە گرووپەکەی حەشدی شەعبییەوە دەکات و فەرمانیان پێدەکات، عەبادی و یاوەرەکانی ئازاد بکەن و دواتر ئازاد دەکرێن.
حەشدی شەعبی میلیشیایەکی شیعە مەزهەبە و دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە ساڵی 2014، بە فەتوای ”عەلی سیستانی“، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دامەزرا و زۆرینەی سیاسی و بەرپرسانیش رایدەگەیەنن، کە ئەو میلیشیایە بە تەواویی لەژێر دەسەڵاتی نوری مالیکییە.
باسنیوز
