باڵیۆزی سعودیە: ئێران حەشدی شەعبی دروستکردووە و بە رەتکردنەوەی کورد، مانای وایە حەشد قبووڵکراو نییە

 باڵیۆزی سعودیە: ئێران حەشدی شەعبی دروستکردووە و بە رەتکردنەوەی کورد، مانای وایە حەشد قبووڵکراو نییە
باڵیۆزی سعودیە لە عێراق رایدەگەیەنێت، کە ئێران میلیشیای حەشدی شەعبی دروستکردووە و ئەو میلیشیایەش لەلایەن گەڵانی عێراقەوە قبووڵکراو نییە.



لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سۆمەرییە، ”تامر سەبهان“، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق پێیوابووە رەتکردنەوەی کورد و دانیشتووانی پارێزگای ئەنباری سوننەنشین بۆ چوونە ناوەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکانیان، مانای وایە کە ئەو میلیشیایە قبووڵکراو نییە.



تامر سەبهان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پرسیاری لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە ”ئایا رازی دەبێ حەشدی سوننیش دروست بکرێ و بە هەمان شێوە و بڕ دەسەڵات و چەکی پێبدرێت؟“.



باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا ئێرانی بە دەستوەردان لە کاروباری عێراق و دروستکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبار کردووە و نموونەی بە تەقاندنەوەی مزگەوتی سوننەکان و کوشتنی دانیشتووانی سوننە لە میقدادییە هێناوەتەوە و گوتویەتی ”رێکخراوی توندڕەوی داعش و ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی، کە ئەم کارە تیرۆریستییانەیان ئەنجامداوە، جیاوازییان نییە“.



دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین لە مانگی حوزەیرانی 2014 و دواتریش لە ئەنبار و داگیرکردنی ئەو پارێزگایانە لەلایەن داعشەوە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دا.







باسنیوز
Top