هۆشیار زێباری: دۆخێکی ئابووریی قورس لە عێراقدا هەیە
کەمێک پێش ئێستا (پێنجشەممە 21\1\2016)، ”هۆشیار زێباری“، وەزیری دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەڕی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، بارێکی گرانی خستووەتە سەر عێراق. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعشەوە، عێراق لە قەیرانێکی ئابووریی سەخت دایە.
هۆشیار زێباری جەختیشی لەوە کردەوە کە بەپێی ئەو نەخشەیەی دایانناوە، گۆڕانکاری باش لە بواری دارایی عێراقدا دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە: ”بەپێی خەمڵاندنەکان، ڕۆژانە دەبووایە لە عێراقەوە 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت کە لەو بڕە، 250 هەزار بەرمیل نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 350 هەزاریش لە کێڵگەکانی کەرکووکەوەیە“. گوتیشی: ”نرخی هەر بەرمیلێک بەپێی یاسای بودجەی 2016ی عێراق 25 دۆلار بووە“.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وەزیری دارایی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو داهاتانەی جگە لە فرۆشتنی نەوت دەست عێراق دەکەوێت، کەمتر بووە لەوەی کە پێشبینییان کردووە. ڕاشیگەیاند: ”لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بڕێک پارە وەک قەرز لە چەند وڵاتێک وەرگیراون، ئەمانەش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، هاوکار دەبن“.
باسنيوز
