ئابووری عێراق ئەمساڵ بەبێ‌ كێشە مووچەی فەرمانبەرانی دەدات

ئابووری عێراق ئەمساڵ بەبێ‌ كێشە مووچەی فەرمانبەرانی دەدات
ئەندامێكی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ بەغدا گرفتی لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران نابێت، چونكە جگە لە داهاتی نەوت سەرچاوەی دیكەشی هەیە پشتی پێ ببەستێ‌ بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.

بودجەی گشتیی عێراق كە پێش سەری ساڵ لە پەرلەمان پەسەند كرا، بڕەكەی بە 105 تریلیۆن و 895 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، پشكی كورد لەو بودجەیە بە 13 تریلیۆن و 76 ملیار دینار خەمڵێنراوە، بە مەرجێك هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەهەناردەكردنی بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (رووداو)ی گوت "عێراق بۆ دابینكردنی زیاتر لە 90%ی بودجەكەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێ، ئەو بودجەیەش لەسەر بنەمای فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت بە 45 دۆلار دانراوە، داهاتەكەشی بە 83 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و داهاتی مانگانەی گومرگەكانیش بە 3 بۆ 5 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، بەڵام ئێستا بەرمیلێك نەوت بە كەمتر لە 30 دۆلار دەفرۆشێ. ئەمەش جیاوازییەكی زۆر لەسەر داهاتەكە جێدەهێڵێ، بەڵام بەپێی لێكدانەوەكانی ئێمە حكومەتی عێراق لە ساڵی 2016 بەبێ گرفت دەتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابین بكات".

بە گوتەی نەجیبە نەجیب، ساڵی رابردوو لە بودجەی عێراق 38 تریلیۆن و 550 ملیار و 630 ملیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە تەرخان كرابوو، بەڵام 32 تریلیۆن و 445 ملیار و 889 ملیۆن دینار دراوەتە فەرمانبەران.

نەجیبە دەڵێت "بۆ ئەمساڵیش 39 تریلیۆن و 146 ملیار دینار تەرخان كراوە، بەهۆی بەردەوامی ئەو ساردییەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، پێشبینی ناكەین بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، بۆیە لەوانەیە هاوشێوەی ساڵی رابردوو پێویستی بە نزیكەی 32 تریلیۆن دینار و 500 ملیار دینار بێت".

ئێستا هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە بۆ سێ‌ ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بەرز بووەتەوە. نەجیبە نەجیب دەڵێت "ئەگەر وا دابنێین نرخی نەوت ببێتە 25 دۆلار، عێراق مانگانە بایی دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت وەردەگرێ، تێكڕای داهاتی ساڵانەشی دەكاتە 28 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، بۆ ئەو بەشەی كە دەمێنێتەوە، عێراق دەتوانێ لە رێگەی فرۆشتنی سەنەداتی بانكی، كورتهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی پڕ بكاتەوە".

هەروەها گوتی "عێراق سەرچاوەی دیكەشی هەیە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەویش ئەوەیە كە 59 ملیار دۆلار یەدەگ و 90 تۆن زێڕی لە بانكی ناوەندی هەیە، بەڕێگەی قەرزكردن لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی و سیاسەتی خستنەڕووی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بانكی ناوەندی، دەتوانێ گرفتە داراییەكانی بەئاسانی چارەسەر بكات، بۆیە دەتوانین بڵێین لەساڵی 2016دا هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێراق نابێت".

بەڵام پێشتر وشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە دابەزین، ئەوە عێراق دەتوانێ‌ تەنیا تاوەكو مانگی نیسانی ئەمساڵ مووچەی فەرمانبەرانی بدات.

هەرچەندە بە هەوڵی پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەیاسای بودجەی عێراقدا پشكی 17% بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، بەڵام نەجیبە نەجیب، پێیوایە بەهۆی ئەو كۆت و بەندانەی لەیاسای بودجە دانراون، هەرێمی كوردستان سەربەخۆیانە نەوت بفرۆشێت باشترە لەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.

نەجیبە نەجیب گوتی "ئەو بڕەی دیاری كراوە بڕێكی خەمڵێنراوە، بۆیە لە ئەگەری كەم هەناردەكردن و دابەزینی نرخی نەوت بەشی هەرێمی كوردستان كەم دەكرێتەوە. لەبڕگەیەكی دیكەی یاسای بودجەدا هەرێمی كوردستان ناچار كراوە كە ئەگەر رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت زیاتریش هەناردە بكات، دەبێت داهاتەكەی بچێتە خەزێنەی گشتیی عێراقەوە. بەپێی راپۆرتی چاودێریی داراییش، هەرێمی كوردستان قەرزداری بەغدایە و دەبێت قەرزەكە بگەڕێنێتەوە، بۆیە بەهۆی ئەو كۆت و بەندانە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت باشترە لەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا".














رووداو
Top