لە دوو ساڵدا زیاتر لە 18 هەزار کەس لە عێراقدا کوژراون
نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و قوربانییەکانی ململانێ و تووندوتیژییەکانی عێراق، دەریخستووە لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا 18 هەزار و 802 هاووڵاتی عێراقی کوژراون.
لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، ململانێکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی داناوە، جگە لە کوژرانی ئەو ژمارە زۆرە، سێ ملیۆن و 200 هەزار عێراقی ئاوارەبوون، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵیش لە خوێندن بێبەش بوون.
ئەو راپۆرتە لەلایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ئەو رێکخراوە نیودەوڵەتییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئامارەکان لە مانگی یەکەمی ساڵی 2014 ەوە تاوەكو مانگی تشرینی دووەمی 2015 كۆكراونەتەوە، کە دەکاتە ئاماری قوربانیانی 22 مانگ.
راپۆرتەکە دەڵێت ململانێکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر خەڵکی مەدەنی داناوە و جگە لە کوژرانی ئەو ژمارە زۆرە، 3 ملیۆن و 200 هەزاری عێراقی دیکەش بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە ئاوارەبوون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون.
راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، لەنێوان مانگی ئایار تا تشرینی یەکەمی 2015، سێ هەزار و 855 مەدەنی کوژراون و حەوت هەزار و 56 کەس بریندرابوونە.
ئەو راپۆرتە بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کاری لەسەر کراوە و بەشێکی زۆری زانیارییەکانیش راستەوخۆ لەوانە وەرگیراون کە قوربانی رووداوەکان بوون، ئاوارەبوون یان شایەدحاڵی رووداوەکان بوون.
رووداو
