ئەسیل نوجەیفی: حەشدی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ئامادەن
ئەسیل نوجەیفی رایگەیاند، هێزەکانی حەشدی نیشتمانی ئامادەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ. جەختیشیکردەوە، رۆڵی تورکیا لە شەڕی دژ بە داعش گرنگە.
ئەسیل نوجەیفی، سەرپەرشتیاریی هێزەکانی حەشدی نیشتمانی رۆژی یەکشەممە 17-1-2016 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حەشدی نیشتمانی سازیکرد و پەیامنێری (تۆڕی میدیایی رووداو)یش ئامادەی کۆنگرەکە بوو رایگەیاند "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین بۆ ئەو شتانەی پێشکەشیانکردووین، لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەتەواوەتی هاوئاهەنگیمان هەیە".
لەبارەی بوونی هێزەکانی تورکیا لە دەوروبەری شاری موسڵ نوجەیفی گوتی، هەڵوێستی حکومەتی عێراق لە بارەی بوونی هێزەکانی تورکیا حاڵەتێکی گرژبوونی هەیە، بەهۆی هەندێک لایەنی سیاسی، کە رۆڵی هاوپەیمانان و بەتایبەت تورکیایان رەتکردەوە. جەختیشتکردەوە "رۆڵی تورکیا لە شەڕی داعش گرنگە".
سەرپەرشتیاری حەشدی نیشتمانی باسی لەوەشکرد، هێزەکانی تورکیا هیچ رۆڵێکیان لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ نابێت، بەڵکو رۆڵی ئەوان پشتیوانیکردنە لە هێزەکانی حەشدی نیشتمانی.
بەگوتەی سەرپەرشتیاری هێزەکانی حەشدی نیشتمانی "تورکیا لەڕێگەی راهێنان و پشتگیری لۆجیستی پشتگیری هێزەکانی حەشدی نیشتمانی دەکات، ئەوەی تایبەتە بە پڕچەککردنیش پشت بە پاڵپشتیی نێوخۆیی دەبەستین".
ئەسیل نوجەیفی راشیگەیاند، هەموو لایەنەکان دەیانەوێت رووبەڕووبوونەوەی عێراقییەکان لەگەڵ داعش بەئاراستەی هەژموونی ئێران ببەن و هەوڵدەدەن دانیشتوانی نەینەوا دووربخەنەوە، "ئەوەی لە دیالە و سەڵاحەدینیش روویدا، ئەوە دووپاتدەکاتەوە، کە حەشدی شەعبی لە رزگارکردنی موسڵ هیچ رۆڵێکی نابێت".
لە بارەی وادەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵیش نوجەیفی ئاماژەی بەوەكرد "حەشدی نیشتمانی هێزێکی رێکخراون و ئامادەن بۆ رزگاکرکردنی موسڵ، بەڵام وادەی ئازادکردنەوەی موسڵ تەنیا بە ئێمەوە پەیوەست نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بڕیاری لایەنەکانی دیکەشەوە هەیە". ئاشکراشیکرد، هەندێک لایەن لە نێو سیستەمی بەرگری عێراق هاوکار بوونە بۆ کەوتنی موسڵ.
سەرپەرشتیاری هێزەکانی حەشدی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری پێکهێنانی هەرێمی نەینەوا پەیوەستە بە دانیشتوانی موسڵ، کە زۆربەیان پشتگیری لە شێوازی فیدراڵی بۆ دەسەڵات دەکەن، بۆ ئەوەی نەینەواش ببێتە هەرێمێک وەکو هەرێمی کوردستان.
رووداو
