"عه‌بادی له‌ چاكسازییەکەدا شاش دەرچوو"

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، عه‌بادی له‌ چاكسازییەکەدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كرد جێبه‌جێ نه‌كرا.

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم خاڵانەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند مانگێك لەمەوبەر بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی نارد وەكو بەشی یەكەمی پرۆژی چاكسازی، جێبەجێ نەكرا. ئەم پرۆژەیە خاڵی ئەرێنیی تێدا بوو، زۆرینەی پەرلەمانتاران و كەسایەتییەكان و بگرە مەرجەعەكانیش لەگەڵیدا بوون، بەڵام بەهۆی ململانێ و پاشقولگرتن سەری نەگرت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشی كردەوە: "خەڵك چووە سەر شەقام و خۆپێشاندانی كرد بۆ ئەوەی كە خزمەتگوزاری لە باری ژیانیاندا بكرێت، لە كەرتەكانی كارەباو ئاو تەندروستی و شارەوانی و خزمەت گوزاریە پێویستەكانی تر، بەڵام خۆ هیچ لە دۆخەكە نەگۆراو بگرە خزمەتگوزارییەكان لەوانەیە خراپتریش بووبن."
(د. ئەشواق جاف) ئاماژه‌یشی دا: "بۆ پرسی نەهێشتنی گەندەڵی چەندین كەیس لە ئەنجوەنی نوێنەراندا هەیە كە سەداسەد پشتڕاست كراوەتەوە كە ئەم كەسانە گەندەڵ بوونە و، دەبێ سزا بدرێن، سەرجەم كەیسەكانیش ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون، بەڵام تائێستا نەمانبینی گەندەڵێك دادگایی بكرێت؛ كە لە ڕاستیدا دەبوو گەندەڵەكان سزا بدرێن و پارە خوارەكان بگەڕێندرێتەوە خەزێنەی دەوڵەت."

چەند مانگ لەمەوبەر (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند خاڵێكی وەكو پرۆژەی چاكسازی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و پەسەندیش كرابوو.

Top