وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت: دابه‌زینی‌ نرخەکان به‌م رێژه‌یه‌ زیانیان به‌ عیراق گه‌یاندووه‌

وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت: دابه‌زینی‌ نرخەکان به‌م رێژه‌یه‌ زیانیان به‌ عیراق گه‌یاندووه‌
عاسم جیهاد وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عیراق رایگه‌یاند، به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وته‌وه‌، داهاته‌كانی‌ عیراق به‌رێژه‌ی‌ 70% زیانیان پێگه‌یشتووه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وتی‌ عیراقیش كرد بۆ زیاتر له‌ 4.5 ملیۆن له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌مساڵدا.

عاسم جیهاد له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ رایگه‌یاند، به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت له‌م دواییه‌دا، داهاته‌كانی‌ عیراق به‌رێژه‌ی‌ 70% زیانیان پێگه‌یشتووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ كورتهێنان له‌ بودجه‌دا، چونكه‌ عیراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ پشت به‌ داهاته‌كانی‌ نه‌وت ده‌به‌ستێت، بۆیه‌ عیراق ناچار بووه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ بواره‌كاندا خه‌رجییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌ و زۆرێك له‌ پرۆژه‌ جیاجیاكانی‌ ده‌وڵه‌ت، رابگرێت.

وته‌بێژه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عیراق، هۆكاریی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ بۆ خواستی‌ هه‌ندێك لایه‌نی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ گه‌ڕانده‌وه‌، تا زیان به‌ ئابوری‌ چه‌ند وڵاتێك بكه‌وێت به‌ عیراقه‌وه‌.

وتیشی‌: "ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌م، له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌م رابردووشدا، عیراق به‌رزترین ئاستی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ به‌دیهێنا و له‌ رۆژێكدا زیاتر له‌ 3 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كرد، به‌ڵام داهاتی‌ ئه‌و هه‌نارده‌كردنه‌ 3 ملیار دۆلاری‌ تێنه‌په‌ڕاند".

رونیشكرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عیراق له‌سه‌ر پلانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌رده‌وامه‌ بۆ زیادكردنی‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌، هیواخوازیشین له‌ ناوه‌ڕاستی‌ به‌مساڵدا به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌، 4.5 ملیۆن به‌رمیل تێبپه‌ڕێنێت.











خەندان
Top