ئەمەریکا چەند پسپۆرێک بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخى بەنداوى موسڵ دەنێرێت
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ى کانوونى دوومى ٢٠١٦ وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "تیمێک لە پسپۆڕان و چەند کەرەستەیەکەى تایبەتمەند دەنێرن بۆ لێکۆڵینەوە لە بەنداوى موسڵ و دڵنیابوون لە سەلامەتى بەنداوەکە."
بەیاننامەکە ئەوەشی وتووە "لەدواى کۆنتڕۆڵکردنى بەنداوەکە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە لە هاوینى ساڵى ٢٠١٤ زیانى بەرکەوتووە و پێویستە لەگەڵ حکومەتى عێراقى هەوڵ بدەین و بە خێرایى نۆژەنى بکەینەوە."
هەروەها وتووشیەتى "کارێکى مەحاڵە لە ئێستادا پێشبینى ئەوە بکەین کە ئایا بەنداوەکە هەرەس دێنێت یان نا و کەی ئەوە ڕوودەدات."
بەنداوى موسڵ دەکەوێتە ٥٠ کیلۆمەترى باکوورى موسڵ و لەسەر ڕووبارى دیجلە، ساڵى ١٩٨٣ بنیاتنراوە و درێژییەکەى نزیکەى سێ کیلۆمەتر و بەرزییەکەى ١٣١ مەترە و بە گەورەترین بەربەرستى ئاوى دادەنرێت لە عێراقدا.
لەدواى ئەوەى لە ١٠ى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ دا چەکدارانى داعش موسڵیان کۆنتڕۆڵ کرد و دواتریش بەنداوەکەیان کۆنترۆڵ کرد، مەترسی هەرەسهێنانى ئەم بەنداوە دروستبوو لە عێراقدا، کە لە حاڵەتى ڕوودانیدا کارەساتێکى گەورە دروستدەبێت بەهۆى گەورەى بەنداوەکەو زۆرى بڕى ئەو ئاوەى کە تێیدایەتى.
