پارێزگای بەغدا گرێبەستی 3 هەزار فەرمانبەر رادەگرێت

پارێزگای بەغدا گرێبەستی 3 هەزار فەرمانبەر رادەگرێت
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رایگەیاند بەهۆی راوەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا گرێبەستی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی بەشە جیاجیاكانی پارێزگای بەغداى راگرت.

محەممەد روبەیعی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " بەهۆی راوەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی پارە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان و دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، گرێبەستی 3 هەزار فەرمانبەری لە ئەندازیاران، كارگێڕان و هونەرییەكانی پارێزگاكە راگرت".

لەمبارەیەوە فەرمانبەرانی گرێبەست رايانگەياند "ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پێی راگەیاندوين، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە گرێبەستەكانمان رادەگیرێن، چونكە هیچ بڕەپارەیەك لەلایەن حكومەتەوە بۆ پارێزگای بەغدا تەرخان نەكراوە، بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری نوێ و ئەوانەی بە نیوەچڵی ماونەتەوە".

ئەو فەرمانبەرانە هەروەها رایانگەیاندووە "پارێزگای بەغدا لەو پارەیە موچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی خەرج كردووە، كە لە بودجەی گشتی عێراق بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی بەغدا تەرخانكراوە".

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و شەڕی داعش و نەبوونی دراوى نەخت، حكومەتی عێراق بەنیازە گرێبەستی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە هەڵبوەشێنێتەوە كە بەشێوەی گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكومەت دامەزراون، بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندادانیش زیاتر لە 45 هەزار فەرمانبەری گرێبەست بە شێوەیەكی كاتی لە وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كاردەكەن.






رووداو
Top