شارەدێی پەروانە كۆنترۆڵكرایەوە
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی شارۆچكەی حەدیسە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی عێراق شارەدێی پەروانەیان كۆنترۆڵكردەوە و زیانێكی زۆریشیان بە چەكدارانی داعش گەیاند.
فاروق جغێفی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی شارۆچكەی حەدیسە رایگەیاند "دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی توند، هێزە ئەمنییەكان شارەدێی پەروانەیان كۆنترٍۆڵكردەوە كە رۆژی یەكشەمە 3/1/2016 چەكدارانی داعش دزەیان كردە ناو شارەدێكە و توانیان بەشێكی كۆنترۆڵبكەن".
جغێفی گوتیشی "ئێستا لە گوندی سەكران 20 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی حەدیسە و، لە گوندی تەحاینەش هێزە ئەمنییەکان چەكدارانی داعشیان گەمارۆداون و، تەنها چەند قەناسبەدەستێكیان ماون، پێموایە لە چەند كاژێری داهاتوودا هێزە ئەمنییەكان چارەسەریان دەكەن، هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراقی رۆڵێكی باڵایان هەبوو لە رێگریكردن لە گەیاندنی هاوكاری سەربازی لە جەزیرەو ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی داعش".
سەبارەت بە دوایین ئاماری زیانەكانیش بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی شارۆچكەی حەدیسە ئاماژەی بەوە کرد "هێزە ئەمنییەكان زیانێكی زۆریان بە چەكدارانی داعش گەیاندوە و دەیان چەكدار كوژراون و برینداربوونە".
دوێنێ یەكشەممە 3/1/2016 لە رێگەی چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو چەکدارانی داعش دزەیان کردە نێو شارەدێی پەروانە و، توانیان بەشێكی شارەدێكه كۆنترۆڵبكەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هۆزەکان بە تووندی بەرپەرچیان درایەوە.
رووداو
