سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی پەسندکرد

 سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی پەسندکرد

سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی فیدراڵیی 2016-ی عێراقی پەسندکرد.

خالید شوانی، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا، بڵاوی کردەوە، فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی یەکشەممە 3/1/2016 یاسای بودجەی فیدراڵی 2016-ی عێراقی پەسند کرد.

خالید شوانی، ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەرۆککۆمار جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە دەستپێوەگرتن بە خەرجی ناپێویست و، لەبەرچاوگرتنی ئەو پێکهاتانەی کۆمەڵگە کە داهاتیان کەمە، هەروەها دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

سەرۆککۆمار سوپاسی هەموو ئەو هەواڵانەشی کردووە، کە بەشداربوونە لە گەڵاڵەکردن و داڕشتنی ئەو یاسایە.

لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 16/12/2015 پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و پشکی 17%ی بودجەی هەرێمی کوردستان و پشکی پێشمەرگەی پەسەندکرد.

پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بەتووندی دژی 17%ی پشکی هەرێمی کوردستان وەستانەوە و داوایان کرد بۆ 13% کەمبکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکەیان سەری نەگرت.

پشکی17% ی هەرێمی کوردستان پەسەندکراوە، بەڵام بەستراوەتەوە بەوەی دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات، کە پێکدێت لە 250 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک.

بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر هەرێمی کوردستان لە 550 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە بکات، ئەوا دەبێت زیادەکە رادەستی بەغدا بکات، نەک بۆ خۆی بێت. بودجەی عێراق بە 105 تریلۆن و 895 ملیار و 22 ملیۆن و 619 هەزار دینار خەمڵێنراوە.

کورتهێنان 24 تریلیۆن و 194 ملیار و 919 ملیۆن و 481 هەزار دینارە. داهاتی عێراق لە بودجەکەدا خەمڵێنراوە بە 81 تریلۆن و 700 ملیار و 803 ملیۆن و 138 هەزار دینار.

رۆژانە عێراق 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. بەگوێرەی یاسای نوێی بودجە رێژەی 100% باج دەخرێتە سەر جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان، هەروەها بلیتی فڕۆکەوانی 25% و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێڵ 5% ی باجیان دەخرێتەسەر.

پەرلەمانی عێراق بڕینی 3% ی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی پەسەندکرد، کە بەگوێرەی ماددەکە 60% بۆ حەشدی شەعبی و 40%ی بۆ ئاوارەکان دەبێت. هەروەها 3% ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشمەرگە دەبڕدرێت.












رووداو


Top