عەبادی به چ ڕوویەكهوه دەڵی با پێشمەرگە مووسڵ ڕزگار كات!
(د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زۆر سەیرە بەرپرسانی عێراق داوا دەکەن هێزی پێشمەرگە مووسڵیان بۆ ڕزگار بکا، کەچی ئامادەیش نین مافی هێزی پێشمەرگە بدەن؛ (حەیدەر عەبادی) خۆی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی هەموو هێزەکانی عێراقە و، لەو لایشەوە هەموو مافێكی پێشمەرگەی بڕیوە! جا بە چ ڕوویەکەوە داوا دەکا هێزی پێشمەرگە شەڕی ئازادكردنی مووسڵ بكات!؟"
(جاف) ئاماژەیشی دا: "ڕاستە ئێمە پێمان خۆش نییە داعش مووسڵی داگیر کردووە و، بووەتە دراوسێمان، بەڵام خۆ ناکرێ هەموو شەڕەکە بە ئێمە بکەن! چۆن دەبێ پێشمەرگە خۆی بە كوشت بدات بۆ خەڵكانێك كە ئامادە نین مافی بدەن."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشی كردەوە: "پێویست ناكات هەندێ ئەندامە كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دڵیان بەوە خۆش بێ (عەبادی) جارجارێ ناوێکی هێزی پێشمەرگە بهێنێت. جا ناوهێنان چ منەتی تێدا نییە! پێشمەرگە ئەوەندە قارەمانە ناوی بە هەموو دنیادا داکەتووە؛ ئەی بۆ لە دەرەوەی وڵاتدا (عەبادی) پێشمەرگەی لەبیر نییە؟! ئەی بۆ تائێستا یەك دینار لە پارەی پێشمەرگەی نەناردووە؟! تا كەی ئێمە هەر بە دڵسافی کار بکەین؟!"
