6000 چەكداری حەشد مووچە لە توركیا وەردەگرن"
دوای دروستكردنی حەشدی شەعبی لەلایەن شیعەكانەوە، هێزێكی دیكە بۆ سوننەكان بەنێوی حەشدی نیشتیمانی دروستكرا، زۆربەی چەكدارانی ئەو هێزە لە سوننەكانی شاری مووسڵن و بەشێكی زۆریان راهێنانیان پێكراوە وەك ئامادەكارییەك بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ.
سەربازگەی ئەو هێزە لە ناوچەی باشیكە، لەپاڵ ئەواندا ژمارەیەك راهێنەری سوپای توركیا هەن كە راهێنان بەو هێزە دەكەن.
لە ماوەی رابردوودا توركیا هێزێكی زۆری خۆی ناردە ئەو سەربازگەیە، ئەمەش كاردانەوەی بەرپرسانی عێراقی لێكەوتەوە. هەفتەی رابردووش بەشێكی ئەو هێزە لە ناوچەكە كشانەوە.
دوای كۆنترۆڵكردنی شاری مووسڵ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە حوزەیرانی 2014، هێزە ئەمنییەكان و فیرقەی 4ی سوپای عێراق هەرەسیان هێنا و پەرتەوازە بوون. ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا رەزامەندی لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق وەرگرت بۆ ئەوەی ئەو هێزە پەرشوبڵاوە لەژێر ناوی حەشدی نیشتمانی كۆبكاتەوە.
سەرەتا حكومەتی عێراق پاڵپشتی ئەو هێزەی كرد و مووچەی دەدانێ، بەڵام دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی لە ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی مووسڵ وەرگرتەوە، ئیدی حكومەتی عێراق دەرگای پاڵپشتی بەسەر ئەو هێزە سوننییەدا داخست، بەبیانووی ئەوەی ئەو هێزە سەر بە ئەسیل نوجێفین.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "ماوەی پێنج مانگە حكومەتی عێراق مووچەی ئەو هێزەی راگرتووە، ئێستا ئەو هێزە لەلایەن حكومەتی توركیاوە كۆمەكی دارایی دەكرێن".
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی "ئەو هێزەی حەشدی نیشتمانی ژمارەیان لە 6000 چەكدار زیاترە و مانگانە هەر چەكدارێك بڕی 600 هەزار دینار لە حكومەتی توركیا وەردەگرێت".
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، ئێستا حەشدی نیشتمانی لەلایەن كوڕێكی ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نەینەواوە بەناوی عەبدوڵڵا نوجێفی، سەرپەرشتی دەكرێ.
عەمید روكن محەممەد یەحیا، فەرماندەی سەربازگەی حەشدی نیشتمانی لە باشیك رایگەیاند كە ئەو هێزە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێ. ناوبراو بە (رووداو)ی گوت "نزیكەی 5 مانگ بەر لە ئێستا 10 راوێژكاری سەربازیی سوپای توركیا هاتنە سەربازگەی باشیك بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەكانمان، بەڵام لە سەرەتای مانگی رابردوو ژمارەی راوێژكارەكانیان زیاد كرد بۆ 110 راوێژكار، هاوكات هێزێكیشیان رەوانەی ناوچەكە كرد بە مەبەستی پاراستنیان".
هەرچەندە زۆربەی هێزەكەی توركیا لە باشیك كشاونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) تا ئێستاش چەكە قورسەكانیان لە سەربازگەكە ماون كە پێكهاتوون لە 30 تانك و زرێپۆش و دەیان جۆر چەكی قورس و مامناوەند .
لەدوایین كاردانەوەی وەزارەتی بەرگریی توركیادا سەبارەت بە هێزەكەیان لە باشیك، عیسمەت یڵماز، وەزیری بەرگریی توركیا گوتی "یەكە سەربازییەكانمان كە ئەركی مەشق و راهێنانیان گرتووەتە ئەستۆ، لە ناوچەكەدا ماونەتەوە. بەمەبەستی دووبارە رێكخستنەوەی یەكە سەربازییەكانیش هێزی بەرگری لەوێ دەمێننەوە".
تاوەكو ئێستاش 1200 سەرباز لە خولە سەربازییەكان لە سەربازگەی باشیك دەرچوون و پێشتریش لەو سەربازگەیە هەشت هەزار پۆلیس دەرچوون و ئێستا لە ناوچەی سپایكەر لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین نیشتەجێ كراون.
عەمید روكن محەممەد یەحیا گوتی "ئێستا نزیكەی 10 هەزار سەرباز و پۆلیس ئامادەكراون بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، هەشت هەزار لەو پۆلیسانە لە سەربازگەی دووبەردان مەشقیان پێكراوە و ئامادەكراون".
رووداو-
