عەللاوی لەبارەی هاوپەیمانی ئیسلامی وەڵامی عەبادی دەداتەوە

 عەللاوی لەبارەی هاوپەیمانی ئیسلامی وەڵامی عەبادی دەداتەوە
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق رایدەگەیێنێ، پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیسلامی سەربازی كە لەلایەن سعودیەوە سەرپەرشی دەكرێت، هاوپەیمانێتییەكی باشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گرووپە تووندئاژۆكان و، دەكرێت وەك دەستكەوتێكی گرنگ لەناوچەكەدا سەیربكرێت.

عەبادی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە كە پێیوایە ھاوپەیمانی ئیسلامی بەسەرۆكایەتی سعودیە ھاوپەیمانێتییەكەی سونییە و ئامانجی لێدانی شیعەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێت "ئەگەر ھاوپەیمانێتییەكە لەسەر بنەمای مەزهەبی پێكھێنرابێت بەخێرایی شكست دەخوات".

نێوبراو دەخوازێت هاوپەیمانێتییەكە بەسوودی ئاشتی بشكێتەوە و بەپێویستیشی دەزانێت هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵدا بكرێت.

لەبارەی بانگهێشت نەكردنی عێراق، عەللاوی دەڵێت "نازانم بۆچی عێراق بۆ ئەو ھاوپەیمانێتییە بانگهێشت نەكراوە، بەڵام بانگهێشت نەكردنی مانای ئەوە نییە حكومەتی عێراق و سەرۆكوەزیرانەكەی تووشی ترس و دڵەڕاوكێ ببن و پێیانوابێت دژی شیعەیە".

دوو هەفتە لەمەوبەر سعودیە هاوپەیمانی ئیسلامی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە بەشداری 34 وڵاتی ئیسلامی راگەیاند. دوای ئەوە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند " عێراق ناچێتە بەرەی ئەو هاوپەیمانێتییە كە لەلایەن سعودیەوە سەرپەرشتی دەكرێت".















رووداو-
Top