چەكدارانی داعش لە روومادییەوە بۆ كوێ هەڵاتوون؟

چەكدارانی داعش لە روومادییەوە بۆ كوێ هەڵاتوون؟
فەرماندەی دەزگای نەهێشتنی تیرۆری عێراق رایگەیاند، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی كۆمەڵگەی فەرمانگەکان لە ناوەڕاستی شاری روومادی چەكدارانی داعش بە ئاڕاستەی باشووری رۆژهەڵاتی شارەكە هەڵاتوون، خێزانە گەمارۆدراوەكانیش هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی راگەیاندنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە بوون.

عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دەزگای نەهێشتنی تیرۆر لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی "تەنها هێزەكانی نەهێشتنی تیرۆر و پۆلیس لە نێو پارێزگای ئەنبار بڵاوبوونەتەوە، زۆری مین و بۆمبی چێندراو لە شەقام و كوچە و كۆڵان و باڵاخانە حكومییەكان، هەروەها بۆمبڕێژكردنی خانووی دانیشتوان و گەمارۆدانی خێزانەكان هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی راگەیاندنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە بوون، دواتر هێزەكانمان توانیان گەمارۆی سەر خێزانەكان بشكێنن و لەدەست داعش رزگاریان بكەن".

ئەسەدی گوتیشی "شاری رومادی لەهەردوو قۆڵی رۆژئاوا و باكوور بە تەواوی گەمارۆدراوە تەنانەت مێروولەیەكیش ناتوانێ‌ دەربچێت، بەپێی دوایین زانیاریش چەكدارانی داعش لە نێو شاری روومادی بەرەو شارۆچکەی جەزیرەی خالیدیە له باشووری رۆژهەڵات هەڵاتوون".

شەوی یەكشەممە 27-12- 2015 گوتەبێژی دەزگای نەهێشتنی تیرۆر كۆنتڕۆڵكردنەوەی دوایین پێگەی چەكدارانی داعشی لە شاری روومادی راگەیاند.

لە 13 - 7 - 2015 وەزارەتی بەرگریی عێراق پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنباری له دەست چەكدارانی داعش راگەیاند.

22 /12/ 2015 حكومەتی عێراقی ئۆپەراسیۆنی سەربازی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری روومادی لەدەست چەكدارانی داعش دەستیپێكرد، كە لە مانگی ئایاری رابردوەوە كۆنتڕۆڵیانكردبوو.

































رووداو
Top