دەستپێكردنی شەڕی موسڵ لەسەر فەرمانێكی عەبادی وەستاوە
لیوا روكن نەجمەدین جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە شارەدێی ئەلقووشی سەر بە پارێزگای نەینەوا، رۆژی شەممە 26-12-2015 رایگەیاند "هێزە ئەمنییەكان ئامادەن بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگای ئەنبار".
جبووری ئاماژەی بەوە كرد "هێزە ئەمنییەكان سەرجەم مەشقەكانیان تەواوكردوون و لەڕووی لۆجستی و جەستەییەوە ئامادەن و چاوڕێی ئەوەن لەلایەن حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كاژێری سفریان بۆ دیاری بكرێت".
بەگوتەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، ئەو هێزانەی بەشداری لە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دەكەن، پێكدێن لە هێزەكانی سوپای عێراق، حەشد و گرووپەكانی دیكە، لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لەڕێگەی ئەو ژوورە ئۆپەراسیۆنەی پێكهێنراو.
نەوفەل حەمادی، پارێزگاری نەینەوا رۆژی دووشەممە 21-12-2015 رایگەیاندبوو "لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنەوەی شاری موسڵ، كۆبوونەوە سەربازییە هاوبەشەكان لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای نەینەوا ئەنجام دەدرێن".
حەمادی ئاماژەی بەوەش دابوو "ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنەوەی پارێزگای نەینەوا تەواوكراون و، دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی پارێزگای ئەنبار، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی پارێزگای نەینەوا دەستپێدەكات".
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە 10-6-2014 ، رێكخراوی داعش تەواوی شاری موسڵ و ژمارەیەك ناوچەی سەر بە پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و كەركووكی كۆنترۆڵكرد، ئێستاش بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە بەدەست رێكخراوەكەن و كۆنترۆڵ نەكراونەتەوە.
رووداو
