سوپای عێراق: بەرەو سەنتەری رۆمادی لە پێشرەوی داین
بە پێی هەواڵی بی بی سی، ئەو ئۆپراسیۆنە کە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو دەستی پێکردووە، لە رۆژانی رابردوو بە هۆی خۆراگری هێزەکانی داعش و بۆمبە چێنراوەکانی ئەو گروپە خێرایی خۆی لەدەست داوە. کردەوە خۆکوژییەکان و تەقەی قەناس بەدەستانی داعش لە بەربەستەکانی دیکەی بەردەم پێشرەوی هێزەکانی عێراقی بووە.
"یەحیا رەسول" وتەبێژی سوپای عێراق، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاندووە، هێزەکانی عێراقی گەیشتوونەتە نزیک باڵەخانەکانی حکومی لە نزیک شاری رومادی. "یەحیا رەسول" جەختی کردۆتەوە، سوپا هەوڵ دەدات رێگری لە قوربانی بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی بکات.
شاری رومادی لە 120 کیلۆمەتری رۆژئاوای بەغدایە. رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبارە کە لە مانگی مەی رابردوو کەوتووتە دەستی داعش. وەرگرتنەوەی ئەو شارە دەتوانێت یەکێک لە گرنگترین سەرکەوتنەکانی هێزەکانی عێراقی بێت.
ئۆپراسیۆنی وەرگرتنەوە رومادی بە پاڵپشتی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمان بە رێبەری ئەمەریکا بەرێوە دەچێت. "حەیدەر ئەلعبادی" سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی رابردوو رایگەیاندووە، "دوای کۆنترۆڵ کردنەوەی رومادی، نۆبەی موسلە".
