ئهم ڤایرۆرسه 7 ههزار كهسی له بهغدا تووشی نهخۆشی كردووه
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (فارس بریفكانی) ڕایگەیاند: "نەخۆشی (گوێڕەپە) كە توشی ڕژێنەكانی گورچیلە دەبێت بڵاو بووەتەوە و لە دەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكوومەتی عێراق دەرچووە. تا ئێستا تەنیا لە شاری بەغدا زیاتر لە 7هەزار حاڵەت تۆمار كراوە كە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە. كێشەكە لەوەدایە ئەم نەخۆشییە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە، مەترسییەكی زۆر گەورەی دروست كردووە."
(بریفكانی) ئاماژەیشی دا: "دوو هۆكاری سەرەكی هەن بۆ بڵاو بوونەوەی ئەم نەخۆشیە. یەكەمیان نەبوونی پرۆگرامێكی سەركەوتووی كوتانە لە عێراق. هۆكارەكەی تریشی ئەوەیە كە زیاد لە 50 قوتابی لە پۆلێكدا بە یەكەوە دادەنیشن بەبێ هیچ مەرجێكی تەندروستی و خزمەتگوزارییەك، ئەمەش وای كردووە نەخۆشییەكە زۆر لەناو منداڵان پەرە بسێنێت و هەر مناڵێك توش ببێت، دوور نییە سەرجەم خێزانەكەشیان تووش بكات."
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی كردوەوە: "ئەم نەخۆشیە لە تەشەنەكرداندایە، چەند حاڵەتێكیش لە شارەكانی تری عێراق تۆماركراون بەتایبەت لە ناو ئاوارەكانی ئەنبار. لە هەرێمی كوردستاندا هیچ حاڵەتێكی توشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمار نەكراووە، بەڵام ئێستا كاتی بڵاوبوونەوەیەتی و دەبێ پلانی تەواو بۆ ئەم نەخۆشیە دابندرێت."
ڕاشیگەیاند: "بۆ ڕێگری لەم نەخۆشییە پێویستە پلانی تۆكمە دابندرێت، دەست بە پێکوتەکردن بکەین، زانیاری ورد بۆ قوتابیان باس بكرێت بۆ خۆپاراستن، لە میدیاكانیشدا پێویستە هۆشیاری بڵاو بكرێتەوە لەمەڕ ئەم نەخۆشیە."
