حکومەتی عێراق لەبارەی پۆستی جێگرانی سەرۆککۆمار روونکردنەوە دەدات

حکومەتی عێراق لەبارەی پۆستی جێگرانی سەرۆککۆمار روونکردنەوە دەدات
حکومەتی عێراق لەبارەی پۆستی جێگرانی سەرۆککۆمار روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیێیدا ئاماژە بەوەدەکات، حکومەتی عێراق بەفەرمی پۆستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و ئیستا کەس لە عێراق جێگری سەرۆککۆمارنییە، ئەوەی پاشگری جێگری سەرۆککۆمار بەکاربهێنێت کارێکی نایاسایی دەکات و خۆی بەرپرسیارییەتی هەڵدەگرێت.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی تایبەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند :" حكومەتی عێراق هەر پۆستێكی هەڵوەشاندبێتەوە یان کەسەکانمان لە پۆستەکان دوورخستبێتەوە ئەوا بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی ئەو کەسانە ناتوانن پاشگری پۆستەکانیان لە دوای ناوی خۆیاندا بەکاربهێنن".

گوتەبێژی نووسینگەی تایبەتی عەبادی هەروەها دەشڵێ" ئەوانەی ئێستاش وەکوو جێگری سەرۆککۆماری عێراق خۆیان ناو دەهێنن سیفەتە فەرمییەكەیان لەدەستداوە و هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە ئەو پرسە لەلایەن یاساوە یەكلاییكراوەتەوە و کەس بۆی نییە ئەو سیفەتە بەکاربهێنێت چونکە پێچەوانەی یاساییە".

ئەو روونکردنەوەیەی نووسینگەی عەبادی لە کاتیکدایە، کە نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تاوەکو ئێستاش وەکو جێگری سەرۆككۆمار، هەڵسوکەوت دەکات و دیدار و کۆبوونەوە رێکدەخات.



رووداو
Top