ئیتاڵیا نزیكەی سێ ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە عێراق
مارکۆ کارنیلۆس، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، سەبارەت بەو کۆمەکی وڵاتەکەی بۆ بەغدا رایگەیاند "بەهۆی ئاوارەکانی شەڕ، عێراق بارێکی قورسی کەوتووەتە سەرشان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین هاوکاری بکەین بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان و پرۆگرامی مەشقپێکردنی پۆلیس بۆ گەڕاندنەوەی خێرای سەقامگیریی بۆ شوێنە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش".
سوڵتان هاجیف، بەڕێوەبەری پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی عێراق، ستایشی ئەو بەخشینەی ئیتاڵیای کرد و رایگەیاند، ئەو دەستکراوەیەی ئیتاڵیا و ئەو پارانەی ئەو وڵاتە بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری ئەو شار و شارۆچکانەی عێراق خەرجدەکرێن، بەتایبەتی لەبواری دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی خەڵکی ئەو شوێنانە.
پارەی سندوقی پشتیوانی سەقامگیریی عێراق، کە سەر بە پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکانە، بۆ ژێرخانی شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و دیالە تەرخاندەکرێت، بۆ بوژاندنەوەی ئابووری شارەکان، کارەکانی حکومەت و ئاشتەوایی کۆمەڵگەی عێراقی.
بڕیارەكە لەكاتێكدایە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22-12-2015 کۆنسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا كرایەوە.
ئەو بڕیارەی ئیتاڵیا بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە عێراق، هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بڕیاریدا "بڕی یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلار وەك قەرزی درێژخایەن بداتە عێراق" و بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند "ئەو پارەیە هیچی بۆ هەرێمی كوردستان نییە".
رووداو -
