دووەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی روومادی دەستیپێكرد

 دووەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی روومادی دەستیپێكرد
شەڕی گرتنەوەی شاری روومادی بۆ دووەمین رۆژ بەردەوامە و هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش گەیشتوونەتە ناوەندی شارەكە و شەڕی كۆڵان بە كوڵان لەگەڵ چەكدارانی داعش دەكەن.



بەرپرسانی ئەمنیی عێراق؛ جەختیان كردەوە كە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە شارەكە كۆنترۆڵ دەكەنەوە؛ بەڵام گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند كە شەڕێكی سەخت دەبێت.



سەرچاوەیەك لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی روومادی بە "بی بی سی"ی راگەیاندووە كە شەڕ لە ناوەندی شارەكە بەردەوامە و چەكدارانی داعش ژمارەیەك خانوو و شەقامەكانیان مینڕێژ كردووە.



سەرچاوەكە راشیگەیاندووە كە هێزەكانی دەزگای نەهێشتنی تیرۆر بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەشی باكووری رۆژئاوای شاری روومادی شەڕێكی توندیان لەگەڵ چەكدارانی داعش كردووە، هەروەها هێزەكانی عێراقیش پردێك لەسەر ڕووباری فورات دروست دەكەن كە ئەو رووبارە بەناوی شاری روومادیدا تێدەپەڕێت .



هەروەها "سەباح نەعمانی" گوتەبێژ بە ناوی دەزگای نەهێشتنی تیرۆری عێراق رایگەیاند هێزەكانیان بە ئاراستەی كۆمەڵگەی حكوومی لە ناوەندی شارەكە پێشڕەوی دەكەن ، هاوكات بەپێی خەمڵاندنەكانی سوپای عێراق، نزیكەی 250 بۆ 300 چەكداری داعش لە شاری روومادی ماونەتەوە .









باسنیوز
Top