گرووپێکی چەکداریی شیعە راوچییە قەتەرییەکانی رفاندووە

 گرووپێکی چەکداریی شیعە راوچییە قەتەرییەکانی رفاندووە
دوای هەفتەیەک لە رفاندنیان، چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای دەکەن، کە چەکدارانی گرووپێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شیعە مەزهەب راوچییە قەتەرییەکانیان رفاندووە.



بەپێی هەواڵێکی شەرقولئەوسەت، ژمارەی قەتەرییە رفێندراوەکان سەرەتا 39 کەس بوو، کە 26ـیان قەتەری بوون و 13یان خزمەتکاری وڵاتە ئاسیاوییەکان بوون و دواتر 9 خزمەتکار ئازادکراون.



زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، کە چەکدارانی گرووپی ئەبولفەزڵ عەباس، یەکێک لە گرووپەکانی میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەو راوچییانەیان رفاندووە و رێکخراوی بەدریش، کە بەهێزترین گرووپی نێو میلیشیای حەشدی شەعبییە و هادی عامری فەرماندەیی دەکات، لەرێگای کەسی سێیەمەوە دانوستاندن لەگەڵ لایەنی قەتەری ئەنجام دەدات.



وەک شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، سەرەتا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی قەتەر بڕی 100 ملیۆن دۆلار بداتە چەکدارەکان، بەڵام دواتر میلیشیاکە پاشگەزبووەتەوە و داواکارییەکانی کردووەتە داوای سیاسی.



هەفتەی رابردوو کۆمەڵێک راوچی لە بیابانەکانی شاری نەجەف لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندران، کە جلی سەربازییان لەبەردابووە.



ئەو راوچییانە بە فەرمیی هاتوونەتە عێراق و ساڵانە لە مانگی کانونی یەکەم بۆ راوە باز (هەڵۆ) دەچنە بیابانەکانی باشووری عێراق.








باسنیوز
Top