بانكی نێودەوڵەتی مەرجەكانی پێدانی قەرز لەسەر عێراق هەڵدەگرێت

بانكی نێودەوڵەتی مەرجەكانی پێدانی قەرز لەسەر عێراق هەڵدەگرێت
بانکی نێودەوڵەتی مەرجەکانی بۆ پێدانی قەرز بە عێراق هەڵگرتوون و 200 ملیۆن دۆلار بەقەرز دەداتە بەغدا. مەرجەکان ئەوە بوون عێراق كرێی كارەبا گران بكات، ماوەی 3 ساڵیش پڕۆسەی دامەزراندن بووەستێنێ‌.

عەبدولقادر محەممەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەبارەت بە پێدانی قەرز بە عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بوجەی ساڵی داهاتوو، بانكی نێودەوڵەتی كۆمەڵێك مەرجی دانابوون، لەوانە گرانكردنی نرخی سووتەمەنی و تەزووی كارەباو گرنگیدان بە كەرتی تایبەت، بەڵام دواتر رێككەوتن كە ئەو مەرجانە لەسەر عێراق هەڵبگیرێن، چونكە لەو رەوشەدا عێراق تەحەمولی گوشاری زیاتر ناكات، بۆیە مەرجەكان لادران و ئێستا بەبێ ئەو مەرجانە عێراق قەرزەكەی دەدرێتێ‌".

عەبدولقادر گوتیشی "هەر لەسەرەتای گفتوگۆكانەوە حكومەتی عێراق ئەو مەرجانەی قبوڵ نەكردوون، لەبەرئەوەی رەوشی ئابووری ئێستای عێراق بەهۆی كەمی كار و نەبوونی داهات نالەبارە و ناكرێت گوشاری زیاتر لە شەقامی عێراق بكرێت".

رۆژی شەممە 19-12-2015، وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، عێراق و بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن رێککەوتنێکیان ئیمزاکرد و بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بانکی نێودەوڵەتی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار قەرز دەداتە عێراق. بڕیارە لەچەند رۆژی کەمی داهاتوودا و پێش سەری ساڵ عێراق قەرزەکەی بەدەست بگات.

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی 2016 ی پەسەندکرد، بودجەکە بە زیاتر لە 105 تریلیۆن و 890 ملیار دینار خەملێنراوە و کورتهێنانیش بە 22.8% دانراوە.








رووداو
Top