هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا ژمارەیەک سەربازی عێراقی دەکوژێت
رۆژی هەینی، سووپای عێراق کاتێک لەگەڵ چەکدارانی داعش لە شەڕدابووە، داوای لە هاوپەیمانان کردووە، بەهێرشی ئاسمانی بۆسەر بارەگاکانی داعش، پشتیوانیان بکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سووپای ئەمریکا، فڕۆکەکانی ئەمریکا لەسەر داواکاری عێراق، دوو هێرشی ئاسمانیان بۆسەر بارەگاکانی داعش ئەنجامداوە، بەڵام لەهێرشی سێیەمدا، هەڵەیەک روویداوە و هێرشەکە مەودای نێوان چەکدارانی داعش و سەربازە عێراقییەکانی لەبەرچاو نەگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرکەوتنی سەربازە عێراقییەکان.
رووداوەکە لە شارۆچکەی فەللوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار بووە. بەپێی راگەیێندراوەکەی سووپای ئەمریکا لەو هێرشەدا ئەفسەرێک و 9 سەربازی عێراقی کوژراون. راگەیێندراوەکە، کوژراوانی سووپای عێراقی بە "قوربانیانی فیشەکی دۆست" ناوبردووە.
سوپای عێراق ئاماژەی بەوەکردووە "لەو کاتەی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە هێزە عێراقییەکان، دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر بارەگاکانی داعش کردووە، ئەوە یەکەمینجارە رووداوێکی لەو شێوەیە روودەدات".
رووداو
