عێراق.. ئهمڕۆ 4 کەس بە ئهنفلۆنزا مردن
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق(فارس بریفكانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی ئەمڕۆ 21 حاڵەتی نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزی (H1N1) تۆمار كراوە و تا ئێستاش چوار لەو توشبووانە له عێراق گیانیان لەدەست داوە. مەترسییەكی گەورەش هەیە كە ئەم ڕێژەیە بەرز بێتەوەو زۆر بە بەربڵاوی تەشەنە بكات و كارەسات دروست بكات."
(بریفكانی) ڕاشیگەیاند: "لەم بارەیەوە لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق كۆ بووینەتەوە و ژووری عەمەلیاتمان پێك هێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە. بڕیاریش دراوە ڕێژەیەكی زۆر پێکوتە (ڤاكسین)ـی تایبەت بەو ڤایرۆسە دابین بكرێت و هەڵمەتی كوتان ڕابگەیێنین، لەم بڕە پێکوتەیەش بڕیارە ڕێژەیەكی زۆریان ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت. بڕیاریش دراوە 100هەزار دەرمانی (تامی فلۆ)ـی چارەسەری تایبەت بەو ڤایرۆسە دابین بكرێت و لەم برەیەش 30هەزاریان ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەر ئەمرۆش دەست بە دابەشكردنیان كراوە لە پارێزگاكانی عێراق."
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی ئاماژەیشی دا: "ئەم ڤایرۆسە مەترسی دارەو پیشووتر لە وڵاتی ئێران بڵاو بووبوویەوە، لەكاتی سەردانیكردنی هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ مەراسیمە ئایینیەكان گواستراوەتەوە بۆ عێراق."
