حەیدەر: ئەوانەی سووکایەتیم پێدەکەن، دەیانبوورم

حەیدەر: ئەوانەی سووکایەتیم پێدەکەن، دەیانبوورم
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانە دەبوورێت، کە سووکایەتیی پێدەکەن و داوای پێشنیازی فانەکانی دەکات.



حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە رۆژانە کۆمێنتەکانی هاووڵاتییان لەسەر پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەخوێنێتەوە و سوودی لێوەردەگرێت.



حەیدەر عەبادی داوا لە فانەکانی دەکات کاردانەوەی خۆیانی بۆ باس بکەن لەبارەی کێشەکان و ئەو شتانەی لە ژیانی رۆژانەدا رووبەڕووی دەبنەوە، بەمەبەستی ”پێکەوە کارکردن بۆ شیکردنەوە و چارەسەرکردنیان“.



سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها داوا لە فانەکانی بدات، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەنگۆ ناڕاستەکان، یارمەتیی بدەن و ”پێشنیاز و رای خۆتان بنووسن بۆ خزمەتی وڵات و میللەت“.



حەیدەر عەبادی دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی کۆمێنتی بۆ دەنووسن و ”ئەوانەش کە سووکایەتیی دەکەن“ و رایدەگەیەنێت، کە بە ”گیانێکی لێبووردە“ سەیریان دەکات و لە کۆتاییشدا داوا لە خوای گەورە دەکات، ”عێراق و خانەوادەکانتان بپارێزێت“.








باسنیوز
Top