ئەردۆگان بۆ حكومەتی عێراق: 300 هەزار عێراقی پەنابەری تورکیان ئەگەر ئەمە نەبینن ئەوە سپڵەییە

ئەردۆگان بۆ حكومەتی عێراق:   300 هەزار عێراقی پەنابەری تورکیان ئەگەر ئەمە نەبینن ئەوە سپڵەییە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان رایگەیاند "به‌ڕێز عه‌بادی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا ساڵی ٢٠١٤ به‌مه‌به‌ستی مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی داواكاری له‌ ئێمه‌ هه‌بوو، ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ كه‌مپی به‌عشیقه‌مان كرده‌وه‌".
ئەردۆغان لە دیمانەیەکی كەناڵی جەزیرەی عەرەبی، وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە پێشهاتەكان دایەوە.
باسی لە كاردانەوەی حكوومەتی عێراق لەسەر ئالوگۆڕی هێزەكەی سوپای توركیا لە مووسڵ كرد و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە عێراق لەسەر گرتنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە و هەوڵی بڵاوبوونەوەیان بە هەرێمی كوردستاندا داواكاری لە توركیا هەبووە.
ئەردۆغان گوتی "وەك دەزانن كۆتایی ساڵی 2002یش عێراق لە كێشەدا بوو، لەو قۆناغەشدا داواكارییان لە ئێمە هەبوو، لەو كاتەدا ژمارەیەك سەربازمان لەوێ بوو. ئەم رووداوەش زۆر جیاوازە، چونكە رێكخراوێكی تیرۆریستی چووبوونە نێو مووسڵەوە، دواتر داعش دەستی بە سیاسەتی بڵاوبوونەوە بە باكووری عێراقدا كرد و بەڕێز عەبادی لە سەردانەكەی بۆ توركیا ساڵی رابردوو بەمەبەستی مەشق و راهێنانی سەربازی داواكاری لە ئێمە هەبوو. ئێمەش لەسەر ئەو داواكارییە كەمپی بەعشیقەمان كردەوە. زانیاری سەبارەت بە هەموو ئەمانە هەیە و ئاگادارە".
ئەردۆغان زیاتر گوتی "ئێستە لێی ناپرسن كاتێك كەمپی بەعشیقە دروست كرا لە كوێ بووی؟ لەو رۆژەوە دەنگت نەهاتووە و ئێستە دوای هەندێك پێشهاتی نوێی ناوچەكە هەنگاوێكی لەو جۆرە دەنێیت. ئێمە بەمەبەستی بەهێزتركردنی كەمپی بەعشیقە هێزەكانی كەمپەكەمان زیاتر كرد و ئەمانە تەنها وەك هێزێكی شەڕكەر لەوێ نین، زیاتر وەك راهێنەر و مەشقپێكەر لەوێن. بێگومان ئەمەش هێزی ئاسمانی و وشكانی و مەشق و راهێنان و پڕچەككردن دەگرێتەوە. لەبەرئەوە ئەو سەربازانەمان كاری مەشق و پڕچەككردن جێبەجێ دەكەن. وەك هێزی شەڕكەریش هێزەكانی پێشمەرگە كە مەشقیان پێ كراوە ئەو كارە دەكەن".
هەروەها رایگەیاند "هەوڵی گەیاندنی بابەتەكە لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش سروشتیترین مافە، بەڵام ئەوە هەنگاوێكی راستگۆیانە نییە".
لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی زیادكردن یان زیادنەكردنی هێزەكەی بەعشیقەدا، ئەردۆغان رایگەیاند "ژمارەی ئەفسەر و سەربازانی مەشقپێكەر ئەوە دیاری دەكات".
ئەردۆغان ئاماژەی بەو وڵاتانە كرد كە لە ناوچەكەدا لەسەر بنەمای مەزهەبگەرایی سیاسەت دەكەن و جەختی كردەوە كە توركیا دژی مەزهەبگەراییە.
گوتیشی "ژمارەیەكی زۆر عەرەب كە لە ناوچەكەدا دەژین مافەكانیان لەدەست داوە. بەداخەوە حكوومەتێكی دادپەروەر لە عێراق نابینین. لەبەرئەوە خەڵكی نیگەرانن. بەڵام ئێمە تا ئەمڕۆ وەك برا تەماشای هەموو عێراقمان كردووە و ئێستەش 300 هەزار عێراقی لە خاك و كەمپەكانی ئێمەدان. ئێمە لە كەمپەكاندا خزمەتی ئەوان دەكەین، جلوبەرگ و خۆراك و تەندروستی و هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین. 300 هەزار مرۆڤ، وڵاتانی دیكە ئەمە ناكەن. ئەگەر ئەمە نەبینن ئەوە سپڵەییە. بەداخەوە عێراق لەگەڵ ئێران لەسەر مەزهەبگەراییە. بە پەژارەوە ئەمە دەبینین، لە هەماهەنگیدان و ئەو هەماهەنگییە لە سووریاش بەردەوامە. چی لە پشت كێشەی سووریاوەیە؟ ئەویش هەر مەزهەبگەراییە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە ئایا بە ئاگاداری و هەماهەنگی ئەمریكا فڕۆكە رووسییەكە خراوەتە خوارەوە یان نا؟ ئەردۆغان گوتی "نەخێر، بەڵام بێگومان دواتر زانیارییمان پێدان".
ئەردۆغان ئەوەشی راگەیاند "ناوچەكە وەك پشتێنەیەكی ئاگری لێ هاتووە و بەبیانووی داعش وڵاتان چوونەتە ناوچەكە و سووریاوە".
ئەردۆغان گوتیشی "پێكدادانی جدی لە نێوان رووسیا و داعشدا و ئۆپەراسیۆن دژی داعش لەلایەن رووسیاوە شایانی باسكردن نییە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا كە فڕۆكەكانی رووسیا زیاتر بەرەو ناوچەكانی چیای سوور و چیای توركمانی توركماننشین لە نزیك لازقییە دەفڕن و ئەو ناوچانە بۆردومان دەكەن. بەڵام لەو شوێنانەی داعشی لێیە، فڕۆكەكانی رووسیا بەو كارە هەڵناسن.






باسنیوز
Top