یەکێتی ئەوروپا رێگەی گەشت لە کۆمپانیای نیشتیمانی عێراق دەگرێت
بەپێی ئەو لیستەی کە یەکێتی ئەوروپا ئامادەی کردووە بۆ سەلامەتی ئاسمانی یەکێتییەکەیان، ناوی کۆمپانیای "فرۆکەوانی نیشتیمانی عێراق" کە کۆنترین هێڵی ئاسمانی عێراقە و 70 ساڵە دامەزراوە، خراوەتە لیستێکەوە کە بۆی نییە بێتە یەکێتی ئەوروپاوە، ئەوەش بەهۆی گوێ نەدانە به رێنماییەکان و پابەندنەبوونە بە سەلامەتی گەشتەکانییەوە.
لەمبارەوە بەنگین رێکانی بریکاری پێشووی وەزیری گواستنەوەی عێراق دەڵێ "بەداخستنی گەشتی فرۆکەوانی کۆمپانیای نیشتیمانی عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا، زیانێکی مادی گەورە بەهێڵی ئاسمانی عێراق دەکەوێ و پشتراست کراوەتەوە کە هێڵی ئاسمانی عێراق ئاسمانی یەکێتی ئەوروپای لێ قەدەخە کراوە".
رێکانی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا بەخراپ بۆ ئابووری عێراق و سومعەی هێڵی ئاسمانی عێراقیش دەشکێتەوە کە 70 ساڵە خزمەت دەکات.
ئەوەشی خستەروو کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق، لە ماوەی تەمەنی خۆی تا ئێستە هیچ دەوڵەتێک نەیخستووەتە لیستی رەشەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزی کوالێتی هونەری و خزمەتگوزاری، بۆیە ئەو بڕیارە نیشانەی ئەوەیە کە جۆرێک لە کەمتەرخەمی لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە هەیە.
ئەم بریارە لە کاتێکدایه حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی هێڵی ئاسمانی وڵاتەکەی 28 فرۆکەی جۆری "تراز بۆینگ"ی ئەمەریکی کڕیوە، کە لەم دوو ساڵەی دوایی واژۆی گرێبەستەکەی کردوون.
باسنیوز
