ئوسامە نوجەیفی: عێراق بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێت

 ئوسامە نوجەیفی: عێراق بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێت
جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق و کەسایەتیی دیاری سوننەکان پێیوایە عێراق بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێت.



ئوسامە نوجەیفی، کە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە و یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە دیارەکانی سوننە لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی شەرقولئەوسەتدا سەرسووڕمانیی خۆی نیشانداوە لەو هەڵمەتەی دژی هاتنە ناوەوەی هیزی تورکیا بۆ نێو عێراق بەرپاکراوە و سەرکۆنەی سیاسەتی دەرەوەی عێراقی بەرامبەر وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعودیە کردووە.



ئوسامە نوجەیفی ئاماژە بەوەدەکات، کە حکوومەت و میلیشیاکانی پلانێکی تێروتەسەلیان بۆ نەهێشتنی پێکهاتەی سوننە لە عێراق داناوە و پێکهێنانی لیژنەی تەنسیقیی باڵا لەنێوان پارێزگا سوننەکانیش بە هەوڵێک بۆ یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی ئەو پێکهاتەیە دادەنێت.



ئەو سەرکردە سوننییە بەرگریی لە بوونی هێزی تورکیا لە سنووری پارێزگای موسڵ دەکات و رایدەگەیەنێت، کە زیاتر لە 11 دەوڵەت مەشق بە هێزە عێراقییەکان دەکەن، هێزەکانی پارێزگای نەینواش هەقی خۆیانە پشتگیریی لە تورکیا وەربگرن، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراقی پشتگیرییان ناکات.



وێڕای راگەیاندنی دژایەتیی خۆی بۆ دابەشبوونی عێراق، ئەسیل نوجەیفی ئاماژە بەوەدەکات، کە دابەشبوونی عێراق گریمانەیەکە و لە واقیع نزیکە، عێراق بەهۆی سیاسەتی دەستتێوەردان و پەراوێزخستنی بەشێک لە پێکهاتەکان و شکستهێنانی پرۆسەی سیاسیی لە وڵات، ”بەرەو دابەشبوون هەنگاو دەنێت“.



بە گوتەی نوجەیفی، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ رزگارکردنەوەی شاری موسڵ نەنراوە، کە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە داگیری کردووە، ”دوو لیوا بۆ رزگارکردنەوەی پێکهێندرابوو، بەڵام برانە روومادی“ و پێشیوایە موسڵ تەنها بە خەڵکی شارەکە رزگاردەبێتەوە و رایدەگەیەنێت، ”بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ“ پشتیان بە پێشمەرگە و هاوکاریی تورکیا بەستووە.












باسنيوز
Top