عەبادی مووچە و دەرماڵەی ژمارەیەك وەزیری بڕیووە
نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسراوێکیدا کە واژۆی مەهدی عەلاق، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی لەسەرە، ئاماژە بەوەدەکات، حكومهت بهشێوهیەکی فەرمی بەتهواوهتی خهرجكردنی مووچه و دەرماڵەی ئهو وهزیرانهی ڕاگرت كه له چوارچێوهی چاكسازییهكانی عهبادیدا لهپۆستهكانیان دوورخراونەتەوە و پۆستەکانیان لە دەستداوە.
بەپێی نووسراوەکەی نووسینگەی تایبەتی عەبادی، وەزیرەکان مووچهكانیان بهتهواوەتی بڕاوه و "ئهو دهنگۆیانهش دوورن لەڕاستییەوە كه باس لهخهرجكردنی مووچهی وەزیرە دوورخراوەکان دەکات و بەهیچ شێوەیەک مووچەکانیان پێنادرێت و وەزارەتی دارایش لە بڕینی مووچەکانیان ئاگەدار کراوەتەوە".
لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی چاكسازی سیاسی كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد، لەوانەش؛ هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانی جێگرانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسان و دەرماڵەی تایبەتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و دەستە و دەزگاكانی دەوڵەت.
دواتریش هەڵمەت و هەنگاوەكانی عەبادی چوارچێوەیەكی یاسایی بەهێزی وەرگرت كاتێك پەرلەمانی عێراق بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، پرۆژە چاكسازییەكەی عبادی پەسندكرد.
رووداو
