عەبادی مووچە و دەرماڵەی ژمارەیەك وەزیری بڕیووە

 عەبادی مووچە و دەرماڵەی ژمارەیەك وەزیری بڕیووە
حکومەتی عێراق مووچە و دەرماڵەی ئەو وەزیرانەی بڕی کە لەچوارچێوەی هەڵمەتی چاکسازیدا لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە. نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئاماژە بەوەدەكات، بە هیچ شێوەیەک مووچەکانیان بۆ خەرجناکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسراوێکیدا کە واژۆی مەهدی عەلاق، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی لەسەرە، ئاماژە بەوەدەکات، حكومه‌ت به‌شێوه‌یەکی فەرمی بەته‌واوه‌تی خه‌رجكردنی مووچه‌ و دەرماڵەی ئه‌و وه‌زیرانه‌ی ڕاگرت كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی چاكسازییه‌كانی عه‌بادیدا له‌پۆسته‌كانیان دوورخراونەتەوە و پۆستەکانیان لە دەستداوە.

بەپێی نووسراوەکەی نووسینگەی تایبەتی عەبادی، وەزیرەکان مووچه‌كانیان به‌ته‌واوەتی بڕاوه ‌و "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش دوورن لەڕاستییەوە كه‌ باس له‌خه‌رجكردنی مووچه‌ی وەزیرە دوورخراوەکان دەکات و بەهیچ شێوەیەک مووچەکانیان پێنادرێت و وەزارەتی دارایش لە بڕینی مووچەکانیان ئاگەدار کراوەتەوە".

لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی چاكسازی سیاسی كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد، لەوانەش؛ هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانی جێگرانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسان و دەرماڵەی تایبەتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و دەستە و دەزگاكانی دەوڵەت.

دواتریش هەڵمەت و هەنگاوەكانی عەبادی چوارچێوەیەكی یاسایی بەهێزی وەرگرت كاتێك پەرلەمانی عێراق بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو، پرۆژە چاكسازییەكەی عبادی پەسندكرد.












رووداو
Top