هادی عامری: هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەینە ئامانج

هادی عامری: هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەینە ئامانج
سەرکردەیەکی باڵای میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە مەزهەب هەڕەشە لە سوپای ئەمریکا دەکات.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر، کە باڵێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە، ئەمڕۆ دوشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2015 داوای لە هاووڵاتییانی عێراق کردووە، کە بە خۆپێشاندانێک پشتگیریی ”لە سەروەریی عێراق“ بکەن.



هادی عامری ئاماژەی بەوەداوە، کە خۆپێشاندانە، رۆژی هەینی ئاییندە بەڕێوەدەچێت و تێیدا هوتاف دژی ”دەستتێوەردانەکانی“ تورکیا و ئەمریکا لە کاروباری عێراق دەگوترێتەوە.



هادی عامری وێڕای رەتکردنەوەی رازیبوون بە بوونی هەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، هەڕەشە لە سوپای ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت، لە هەر کوێی عێراق بنکەی سەربازییان هەبێت، ئەوا “دەیکەینە ئامانج“.



کۆتایی هەفتەی رابردوو، هێزێکی سوپای تورکیا بە پشتیوانیی تانک و زرێپۆش، هاتنە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و وەک رایانگەیاند، ئامانجیان مەشقکردنە بە هیزی حەشدی نیشتیمانی، بۆ رزگارکردنەوەی شاری موسڵ، کە لە حوزەیرانی 2014ـەوە لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـەوە داگیرکراوە.



دوای هێرش و تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ئەندامانی داعش لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو، بەرپرسە سەربازییە بالاکانی ئەمریکا داوادەکەن هیزێکی زەمینیی وڵاتەکەیان بنێردرێتە عێراق، بۆ بنبڕکردنی ئەو رێکخراوە توندڕەوە.









باسنيوز
Top