سیاسەتە چەوتەكانی نوری مالیكی گەشەی بە داعش كرد و كەس نەیتوانی سنووری بۆ دابنێت

سیاسەتە چەوتەكانی نوری مالیكی گەشەی بە داعش كرد و كەس نەیتوانی سنووری بۆ دابنێت
لە دیداێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان رەشید خەیون توێژەر و نووسەری ناسراوی عێراق گوتى: زەحمەتە روانین بۆ دۆخی گشتی عێراق لە چوارچێوەی روانینی ئێرانی دەربهێنرێتە دەرەوە، چ بە هۆی ئەو پێوەندییانەی ئێستا هەیە و چ بە هۆی هاوپەیمانێتی و رووبەڕووبوونەوەی یەك دوژمن كە ئەویش داعشە، بۆیە ئەگەر بپرسیت روانینی عێراقی روانینی كێیە؟ پێت دەڵێم: روانینی حزبەكانە، نەك روانینی دەوڵەت، لەبەر ئەوەی تا ئێستاش دەوڵەت ناتوانێت یەك بڕیاری یەكگرتووانە دەربكات. سەرۆكی وەزیران كە شتێك رادەگەیەنێت، چەند فراكسیۆن و بەرەیەك لێی رادەپەرموونەوە و دژایەتی راگەیانراوەكەی دەكەن. بە شێوەیەكی گشتی دۆخی عێراقی دوور نییە لە دۆخی ئێرانییەوە، لە دیاریكردنی چارەنووسی سووریادا، بەرپرسانی شیعەی عێراق پێیانوایە هەبوونی رووسیا زامنكەرە بۆ مانەوەی رژێمی سووریا، تەنانەت ئەمەریكاش ئەمە دەزانێت و هیچ هەڵوێستێكی لەسەر وەرنەگرتووە، وێڕای كاریگەریی خۆرئاوایی بۆ سەر دۆخەكە، چونكە رووسیای ئێستا ئەو رووسیایەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران نییە لە سەردەمی جەنگی سارددا كە بتوانێت لەبەرانبەر ئەمەریكادا بوەستێت.

رەشید خەیون هەروەها گوتی: زەحمەتە بتوانین ئەو حزبانەی ناو عێراق كە ئێران پشت و پەنایانە لە روانینی ئێرانی جیایان بكەینەوە، ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی ئێرانیشیان لە بەرانبەر رژێمی پێشووی عێراقدا هەبووە، ئێستا ناتوانن لە چوارچێوەی ئێران دەربچنە دەرەوە، ئەمە گومانی تێدا نییە، خۆ ئەگەر ئێستا ئێران بڕیار بدات دژ بە هەبوونی رژێمی سووریا، هەمان بڕیار لە عێراقیش هاوشێوە دەدرێت.

شایانی باسه خەیون هەروەها گوتی: شیعەكان نە تەبەنای تەكفیركردن دەكەن، نە بڕواشیان بە كردەوەی تیرۆریستی خۆكوژییانە هەیە، بەتایبەتی بۆ درواسێكانیان، ئەوروپیەكانیش باش ئەمەیان درك پێكردووە، ئەمریكییەكانیش بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن كە گرووپە شیعیەكان لە ناو سنووری هەرێمایەتی خۆیاندا هەڵدەسووڕێن، زیاتر هەبوونیان لە ناو ئێران و عێراق و لوبناندایە، مەترسیی ئەمان نەگواستراوەتەوە بۆ ناو پایتەختە ئەوروپییەكان وەك ئەوەی جیهادی سەلەفی كە مەترسییەكانیان گواستراوەتەوە بۆ هەموو شوێنێك، بەڵام لایەنی سوننە لە تێزەكانیاندا یەك نین، خۆ وڵاتانی كەنداو سوننەن، كەچی بە توندی هەڵوێستیان لە هەمبەر قاعیدە و داعش وەرگرتووە، چونكە هەر سوننەن و مەترسییان خستۆتە سەر حكومەتەكانی كەنداویش، داعش پێیوایە حكومەتی سعودیە حكومەتی ئال سلولی كافرە، رۆژانە شانەی خەوتووی قاعیدە و داعش لە ناو سعودیە دەدۆزنەوە و بە توندی سزایان دەدەن، سوننەكان هەڵوێستێكی یەكگرتوویان لە ناوخۆیاندا نییە، تەنانەت سەبارەت بە دەوڵەتانی سوننەی ناوچەكەش هەر یەكەو بە شێوەیەك هەڵوێست دەنوێنن و رێككەوتنێك نییە لە نێوان خۆیاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەكان، هەروەها هەڵوێستی شیعەكانیش یەكگرتوو نییە، چەندین دەنگی شیعی بەرز بوونەتەوە بەوەی كە نابێت هەموو كارتی شیعە بخرێتە بەرەی ئێرانەوە و نایانەوێت هەموو شیعە ملكەچی ویلایەتی فەقیهی ئێرانی بێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا رەشید گوتی: ئێستا ئەوەی لە مەیدان و واقیعەكەدا دەیبینین، دەوڵەتێكی مەزهەبییە، بەڵام ئێمە كە دەڵێین دەوڵەتێكی مەزهەبی، ئایا شیعە وەك مەزهەب حوكمدارن، لە كاتێكدا حكومەتێك كارەكان بەڕێوە دەبات، بەڵام كاروبار لەسەر بناغەی مەزهەب بەڕێوەدەبرێن، بە نموونە لەگەڵ رێزم بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بەپێی ئەو پایەی هەیەتی نابێت بەرگی شیعەیەك بپۆشێت و لە چلەی حوسێندا بەخۆیدا بكوتێت، بەڵكو پێویستە وەك عێراقییەك نوێنەری هەموو عێراقییەكان بێت، عێراق فرەمەزهەب و تائیفەیە، نابێت وەك كۆپی شیعەیەك هەمووان وەك یەك كۆپی بكەن، ناكرێت خاوەن ئەو پۆستە باڵایانە هەموو چاویان بەس لەسەر یەك تائیفە، یان یەك مەزهەب بێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1053)
Top