داودئۆغڵو نامەیەکی دڵنیاکەرەوە بۆ عەبادی دەنێرێت
بەپێی هەواڵێکی ئەنادۆڵ، نووسینگەی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە نامەکەدا بە عەبادی رادەگەیەنێت، وڵاتەکەی زۆر بە ھەستیاری مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات و ”تەنانەت کەمترین زیان بە فەرمانڕەوایی و سیستمی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە ناگەیەنێت“ و پشتگیریی وڵاتەکەشی بۆ عێراق راگەیاندووە لە شەڕی دژی داعش.
داودئۆغڵو بەڵێنی داوە، کە تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکانیان لەگەڵ عێراق چارەسەر دەکەن و ”ئەو گرژی و هەستیارییەی بەغدا دادەمرکێتەوە“، ھیچ ھێزێکی دیکەی وڵاتەکەیان بۆ شارۆچکەی بەعشیقە لە پارێزگای نەینەوا نانێرن.
کۆتایی هەفتەی رابردوو، هێزێکی سوپای تورکیا بە پشتیوانیی تانک و زرێپۆشەوە، گەیشتە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و بە گوتەی ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی حەشدی نیشتیمانیی نەینەواش، ئەو هێزە مەشق و راهێنان بە هێزەکەی دەکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ.
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و زۆربەی بەرپرس و پەرلەمانتارانی شیعە لە عێراق، دژایەتیی خۆیان بۆ هاتنی ئەو هێزەی سوپای تورکیا نیشانداوە و بە ”داگیرکاری و پێشێلکردنی سەرەوەریی عێراق“یان داناوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدیندا گرت و دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، ئەو ناوچانەی داگیرکرد.
باسنیوز
