نوجەیفی: ئەوەی پێی ناخۆشە با جێگرەوەیەکی باشترمان بۆ دابین بکات

نوجەیفی: ئەوەی پێی ناخۆشە با جێگرەوەیەکی باشترمان بۆ دابین بکات
پارێزگاری پێشووی نەینەوا پەیامێک بۆ ئەو کەسانە دەنێرێت، کە ناڕەزاییان بەربڕیوە لەبارەی هاتنی مەشقکارانی تورکیا و رایدەگەیەنێت، با ئەوان ”باشترمان“ بۆ بکەن.



ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و فەرماندەی حەشدی نیشتیمانی، کە هێزێکە بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ پێکهێندراوە، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە خەڵکی موسڵ چیتر ئارام لەسەر ”بەڵێنە درۆیینەکان“ی دەسەڵاتدارانی بەغدا ناگرن.



ئەسیل نوجەیفی راشیگەیاندووە، کە ئەو کەسانەی پشتگیریی تورکیایان پێناخۆشە بۆ حەشدی نیشتیمانی، ”پێویستە لەسەریان جێگرەوەیەکی باشتر و خێراتر پێشکەش بکەن بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ“.



کۆتایی هەفتەی رابردوو، هێزێکی سوپای تورکیا بە پشتیوانیی تانک و زرێپۆشەوە، گەیشتە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و بە گوتەی نوجەیفیش، ئەو هێزە مەشق و راهێنان بە حەشدی نیشتیمانی دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ.



حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و زۆربەی بەرپرس و پەرلەمانتارانی شیعە لە عێراق، دژایەتیی خۆیان بۆ هاتنی ئەو هێزەی سوپای تورکیا نیشانداوە و بە ”داگیرکاری و پێشێلکردنی سەرەوەریی عێراق“یان داناوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، دەست بەسەر زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدیندا گرت و دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، ئەو ناوچانەی داگیرکرد.








باسنیوز
Top