ئەسیل نوجەیفى: هێزەکەى تورکیا لەسەر داواى حەیدەر عەبادى هاتونەتە عێراق

ئەسیل نوجەیفى: هێزەکەى تورکیا لەسەر داواى حەیدەر عەبادى هاتونەتە عێراق
فەرماندەی گشتی چەکدارانی حەشدی نیشتمانی ڕایگەیاند، ئەو هێزەی تورکیا کە لەخاکی عێراقدایە، هەشت مانگ بەر لە ئێستا لەسەر داواکاریی حەیدەر عەبادی هاتونەتە عێراق.

ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی گشتی چەکدارانی حەشدی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو هێزەی تورکیا کە لە عێراقدان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە کوردییەکان و بەرپرسانی کورددا هێنراونەتە ناوچەکە."

ڕاشیگەیاند "ئەو هێزەی تورکیا کە لە عێراقدان تەنها ئەرکیان مەشق و ڕاهێنان کردنە و بەشداری لە هیچ پرۆسەیەکی سەربازیدا ناکەن."

هاتنى سوپاسى تورکیا بۆ عێراق کاردانەوەى جۆراوجۆرى بەدواى خۆیدا هێنا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکردووە، کە بانگهێشتی فاروق قایماقجی باڵیۆزی تورکیای لە عێراق کردووە سەبارەت بە ئەو هێزەی تورکیا کە هاتووەتە عێراقەوە.

ئەحمەد جەمال وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە :هاتنە ناوەوەی هێزەکەی تورکیا بۆ عێراق بە بێ ئاگاداری حکومەتی ناوەندی بووە لە بەغدا و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتە و دەستدرێژییە بۆسەر دراوسێیەتی و ڕێزگرتنی هاوبەش".
لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق یاداشتێکی ئاڕاستەی باڵیۆزی تورکیا کردووە لە عێراق و داواکراوە دەستبەجێ هێزەکانی ئەو وڵاتە لە خاکی عێراق بکشێنەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزێکی سەربازی تورکیا بە تانک و زرێپۆشەوە هاتوونەتە ناوچەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا، لەبارەی ژمارەی هێزەکە زانیاری جیاواز بڵاوکراوەتەوە و لێکدانەوەی جیاوازیش لەبارەی ئامانجی هێزەکەوە دەکرێت.
لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کۆتایی ساڵی ڕابردوو تورکیا لە سۆران و قەڵاچۆلان دوو بنکەی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە پێشمەرگە کردبووەوە و هاوکات بنکەیەکیشی بۆ ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکانی دیکە لە پارێزگای نەینەوا کردبووەوە، ئەوەی ئێستا ڕوویداوە بە مەبەستی فراوانترکردنی بنکەکەی پارێزگای نەینەوایە کە پسپۆڕ و کەلوپەلی سەربازی پێوێست گەیەنراوەتە ئەو بنکەیە.
بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، هاتنی هێزەکەی تورکیا بە واتای پێشێلکردنی سەروەری عێراق دێت و داواشیکردووە دەستبەجێ خاکی عێراق جێ بهێڵن، ڕاشیگەیاندووە حکومەتی عێراق داوای لە تورکیا نەکردووە مەشق و ڕاهێنان بە هێزی عێراقی بکات.
ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکیاش لە زاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردووەتەوە، ڕەوانەکردنی هێزەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ، ئەمریکاش ڕایگەیاندووە ئاگاداری هاتنی هێزەکەن، بەڵام ئەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێوان ئەمریکا و تورکیادا نییە.
تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی تورکیا بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ئامادەن هێزی سەربازی ڕەوانەی عێراق بکەن، تەنانەت دوای ئەوەی تورکیا لە هاوینی ڕابردوودا شەڕی لە دژی داعش ڕاگەیاند، تا ئێستا تەنها سێ هێرشی ئاسمانی دژی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لەسەر سنووری تورکیا و سوریا ئەنجامداوە.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا هێزی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی باشیک بوونیان هەبووە و ئامانجیشیان ڕاهێنانی پێشمەرگە بووە و ڕەوانەکردنی ئەو هێزەش کە لە ١٥٠ سەرباز و ٢٠ تانک پێکهاتووە تەنها لە چوارچێوەی گۆڕینەوەی ئەرکی سەربازیدا بووە.
هەر لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی حورییەتی تورکی بڵاویکردوەتەوە، ڕەوانەکردنی ئەو هێزە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان مەسعود بارزانی (کە لە ١٩ی ئابەوە بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە پۆستەکەی هەیە) و وەزیری دەرەوەی تورکیادایە کە لە ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمدا لە هەولێر ڕێککەوتبوون لەسەر کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک کە ٦٠٠ سەرباز لە خۆ بگرێت.
تورکیا لە ساڵی ١٩٩٦ەوە چەندین بنکەی سەربازی لە سنوورى پارێزگاى دهۆک کردووەتەوە کە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣دا پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٨یشدا پەرلەمانی عێراق داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیایان کرد، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت تورکیا ئامادە نەبووە هێزەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بکشێنێتەوە.
بەپێی هەندێک زانیاری تورکیا زیاتر لە ١٠ بنکەی سەربازی لە پارێزگاى دهۆکدا هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٣٠٠ سەرباز و ئەفسەری تورکیا لەو بنکانەدا نیشتەجێن، بنکەی سەربازیی کانی ماسی لە قەزای زاخۆ گەورەترین بنکەی سەربازیی تورکیایە کە زیاتر لە ٦٠٠ ئەفسەر و سەربازی لەخۆگرتووە، لە ڕووی لۆجستیشەوە بنکەی بامەڕنێ گەورەترین بنکەیە کە زیاتر لە ٣٠ تانک و هەشت زرێپۆشی تێدا جێگیر کراوە.
تا ئێستا چەندین جار هاووڵاتییانی هەرێم لە چوارچێوەی کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوەوە داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیایان کردووە، ناڕەزایەتییەکان بە بوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا بە تایبەت دوای هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان پەرەی سەند کە تورکیا سەرەڕای ئەوەی هێزی سەربازی لە هەرێمدا هەبوو، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ هاوکارییەکی سەربازیی هەرێم بکات، بە جۆرێک کە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم کاتی خۆی رایگەیاند، تورکیا بێ هیوای کردوون.
لە ئێستاشدا کە پەکەکە ژمارەیەک لە هێزەکانی خۆی لە شەنگال جێگیر کردووە و پارتیش بە بوونی ئەو هێزانە لە شەنگال ناڕازییە، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە دوای جێگربوونی هێزەکانی تورکیا لە پارێزگای نەینەوا گرژیی زیاتر بکەوێتە نێوان پەکەکە و پارتی، بە تایبەتیش دوای ئەوەی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە بەر لە چەند ڕۆژێک ڕایگەیاند، پارتی زانیاری لەبارەی هێزەکانی پەکەکەوە دەداتە تورکیا.
Top