"عه‌بادی ئاگاداره‌ و له‌به‌ر شیعه‌كان نایدركێنێ"

ئه‌و هێزه‌ی توركیا كه‌ به‌ره‌و بنكه‌ی مه‌شقدادان له ‌نزیك مووسڵ جووڵه‌ی كردووه‌ هه‌م حكوومه‌تی عێراق و هه‌میش عه‌بادی لێی ئاگادارن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان (نازم ھەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تورکیا بڕیاری داوە کە ھاوکاری ھاوپەیمانان بکات بۆ لێدانی داعش لە عێراق و، دەمێکە سێ بنکەی سەربازی لەھەرێمی کوردستان لە باشیک و سۆران و قەڵاچوالان ھەیە و مەشقی سەربازی بە ھێزەکان دەکەن و شتێکی نوێ نییە؛ ئەوەی ئەمڕۆش کە باس لەوە دەکرێت ھێزێک ھاتووە بۆ باشیک ڕاست نییە و ھەمان ئەو ڕاوێژکارانەن کە پێشتر ھاتبوون، بەڵام ڕەنگە بە ھۆی ھەستکردن بە مەترسیی زیاتر خۆیان دەپارێزن، لەبەر ئەوەی ئەو میحوەرە زۆر لە مووسڵەوە نزیکە؛ جا گەورەکردنەوەی ئەو پرسە ئا لەم وەختەدا بۆ مەرامی سیاسییە، ئەگەرنا شتێکی نوێ نییە تا گەورە بکرێتەوە و، جگە لەوەش بوونی ئەو ڕاوێژکارانە کارێکی ئاساییە، لەبەر ئەوەی تورکیا بڕیاری داوە ھاوکاریی عێراق بکات لە شەڕی داعشدا."

(نازم ھەرکی) گوتیشی، من زانیاریم ھەیە کە حکوومەتی عێراق و عه‌بادی ئاگاداری ئەو بنکە سەربازیانەی تورکیایە لە ھەرێمی کوردستان بۆ مەشقکردن بە ھێزەکان، بەڵام لەبەر شەقامی شیعە عه‌بادی و حكوومه‌تی عێراق ئاشكرای ناكه‌ن ده‌ڵێن ئاگادار نین و ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، حکوومەتی عێراق کە باس لە سەروەری خاکی عێراق دەکات، خۆ عێراق هەر ڕاوێژکاری تورکی لێ نییە، ھێزی چەند وڵاتێکی دیکەیش لێیە؛ بوونی ئەو ڕاوێژکارانە کارێکی نۆرماڵە و ھیچ کێشەیەک نییە، بەڵام ھەندێک لایەن بۆ مەرامی سیاسی پرسەکەیان گەورە کردووەتەوە.
Top