ئه‌مه‌ریكا هێز دەنێرێتە عێراق

ئه‌مه‌ریكا هێز دەنێرێتە عێراق
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەنگی‌ئەمەریکا) تیمەکانی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە چەند حەفتەی دابێ دەگەنە عێراق و، ئامانجیش لە ناردنیان لێدانی شادەمارەکانی گروپی تیرۆریستی داعشە.

(ئاشتۆن کارتەر) وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کاتی دانیشتنی لەگەڵ لیژنەی کاروباری خزمەتگوازارییەکانی سوپا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزێکی نوێ لە عێراقدا بڵاوە پێدەکەن لەو بارەیەوە گوتی ئەو هەڵمەت و، چالاکیانەی ئەو هێزانە کە لە ماوەی مانەوەیاندا ئەنجامی دەدەن بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان و، کۆکردنەوەی زانیاری و، گرتن و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی داعش دەبێت.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بە بایەخی چالاکیەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و تیمە تایبەتەکەی ئەمریکا کرد، کە ئەو هەڵمەتانە دەتوانن چالاکی گەورەی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن.

ئەگەرچی کارتەر ئاماژەی بە ژمارەی ئەو هێزانە نەدا بەڵام، (دەنگی‌ئەمەریکا) لە بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە بەشداربوی داڕشتنی پلانەکەیە ئەوەی زانیوە کە هێزەکان نزیکەی (٢٠٠) کارمەندێک و هێزی تایبەت دەبن و، لە چەند حەفتەیەکی کەمدا بە عێراقدا بڵاو دەکرێنەوە. هەروەها ئەو هێزە تایبەتانە کار دەکەن لەگەڵ هێزەکانی عێراق و، هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا.

هەڵبەتە ئەو بەشدارییانەی ئەمەریکای عێراق پێی خۆش نییە و لەو بارەیەوە (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا گوتوویەتی لە کاتێکدا عێراق پێشوازی لە پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەڵام هێزی دەرەکی زەمینی پێویست نییە. هەروەها گوتویەتی دەبێت لە ڕێگەی هەماهەنگی و قبووڵکردنیان لەلایەن عێراقەوە ئەو هێزانە ڕەوانە بکرێن.

شیاوی گوتنە، بەرپرسان و، شارەزایانی ئەمریکا لەگەڵ ڕەوانەکردنی هێزدان بۆ تێکشکاندنی داعش، (کریستۆفەر هارمەر) لە ئەنستیتیۆی دیراسە شەڕ لە ئەمەریکا گوتی ئەگەر ڕاستگۆیانە لەگەڵ واقیعی ئەو دۆخەدا بدوێین دەبێت هێزی زیاتر و سەرچاوەی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە بنێرین.

ئەمەریکا نزیکەی (٣٥٠٠) سەربازی لە شەش شوێنی عێراقدا هەیە کە هێزی پشتیوانین و ڕاهێنان بە هێزەکانی عێراق و، پێشمەرگەی کوردستان دەکەن. هەروەها بە هەزارن سەربازی دیکەیشی لە شوێنە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

سەرەڕای گرتنەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر دەستی داعش و، بڕینی سەرچاوەکانیشیان، کوشتارێکی زۆریش لە داعش کراوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان مەزەندە دەکەن داعش زیاتر لە (٢٣هەزار) چەکداری لێ کوژرابێت.
Top