فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەگوازرێتەوە بۆ مەخموور

 فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەگوازرێتەوە بۆ مەخموور
ھاتنی وەزیری بەرگریی عێراق و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان، پەیوەندیی بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵەوە ھەیە و سەرکردایەتیی کورد بە گەرەنتیی یەکلابوونەوەی خاکی باشووری کوردستان، لەگەڵ عێراق ئامادەیە بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنەدا بکات.



ھەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە دانیشتنێکیدا لەگەڵ شاندێکی بریتانیا، سەبارەت بە کۆنتۆڵکردنەوەی موسڵ ڕای گەیاند: "پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شکستی یەکجاریی تیرۆریستان بکرێتەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی مووسڵ ئازاد بکرێت، پێویستە ڕێککەوتنێکی ھەمەلایەنە ھەبێت کە تیایدا مافی ھەموو پێکھاتەکان پارێزراو بێت".



لای خۆیشیەوە نەسیر نووری محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی راگەیاندووە، دوای رزگارکردنەوەی ئەنبار، کە داعش مانگی ئایاری ئەمساڵ داگیری کرد، سوپای عێراق بە ھەماھەنگیی پێشمەرگە، کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە موسڵ دەھێنێت.



گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، ئاماژەی بە وردەکاریی زیاتری ھێرشەکە داوە و ئاشکراشی کردووە، سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی سەرکردایەتییەکی ھاوبەش، لە ناوچە کوردستانییەکانی رۆژئاوای موسڵ و قەزای شنگال، ھێرش دەکەنە سەر موسڵ.



پێشتریش خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و سەردانی شنگالیشی کرد، رای گەیاند، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ لە ھەرێمی کوردستانەوە دەست پێ دەکات.



لەمبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ھاتنی وەزیری بەرگریی حکوومەتی عێراق و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان، پەیوەندیی بە نزیکبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵەوە ھەیە و پێشمەرگەش بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە و گەرەنتیی یەکلابوونەوەی خاکی کوردستان، ئامادە نییە بەشداری لە گرتنەوەی ئەو ناوچانە بکات کە لە دەرەوەی سنوورەکانی باشووری کوردستانەوەن، گوتیشی: “ھەر لە سەردانەکەی عەبادییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی ھاوبەش بۆ ئەو پرسە دانراوە و ھەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە دەستیان بە دیراسەتکردنی ئەو پرسە کردووە، ئێستاش کە قۆناغەکە نزیک بووەتەوە و بەشێک لە پلانەکانیش جێبەجێ کران، دوای ئەوەی پێشمەرگە توانی سەرکەوتنێکی گەورە لە شنگال بەدەست بخات و رێگەی سەرەکیی رەقە و موسڵ دابخات، ئەوە سەرەتای ئەو پلانەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ”.



ئاشکراشی کرد، لەم ماوەیەدا عێراق فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداشی بۆ مەخموور گواستووەتەوە و ژمارەیان بۆ ٥٠٠ کەسیش زیاد کراوە، گوتیشی: “بێگومان لە کارە سەربازییەکاندا ھەماھەنگی دەکرێ، بەڵام بۆ پرسە سیاسییەکان دەبێ رێککەوتن بکرێ کە دەبێ دیار بێت دەعمی پێشمەرگە لەو پڕۆسەیەدا چییە و دووەمیشیان دەبێ روئیای عێراق و سوننەکان لەو ناوچانە بە رێککەوتن لەگەڵیاندا سەبارەت بەو ناوچانەی کە خاکی باشووری کوردستانن یەکلا بکرێتەوە، ئەو پرسەش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا پێش پڕۆسەکە یەکلای دەکاتەوە و قسەشی لەبارەوە کراوە”.



گوتیشی: “کاتێک بڕیارمان دا کەرکووک و ھەموو ناوچەکانی کوردستان بپارێزین، بێ وەرگرتنی ھیچ دەعمێک لە حکوومەتی عێراق یان وڵاتی دیکە ئەو بڕیارەمان دا، چونکە ئەوە خاکی خۆمانە، بەڵام بۆ ئەو ناوچانەی کە کوردستانی نین، دەبێ بەشداریی پێشمەرگە بەرامبەرێکی ھەبێت، کە باشترین کاتە ئەو بەرامبەرە بە یەکلابوونەوەی خاکی باشووری کوردستان بێت لەگەڵ عێراقدا”.



ھاوکات د. بوخاری عەبدوڵا مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ناکرێت کێشەی خاک بۆ دوای دروستکردنی ھەرێمێک بۆ سوننەکان ھەڵبگیرێت، بەڵکو دەبێ ئەو پرسە یەکلا بێتەوە و پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەر لایەک کە ھاوکاری دەکەن مەرجی خۆیان ھەبێت.



ھەر پەیوەست بەو بابەتە، موئەیەد تەیب چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا بۆ (باس) روونی کردەوە، سەرکەوتنەکان بە ھیمەت و قوربانیدانی پێشمەرگە و پاڵپشتیی ھاوپەیمانان ھاتووەتە ئاراوە و کورد دەتوانێ لەم قۆناغە داواکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرتنەوەی موسڵ بێ رێککەوتن و بەبێ مەرج بۆ پێشمەرگە ئاساییە، چونکە ھەموو دونیا لە شەڕدایە لەگەڵ تیرۆر و وڵاتانی دووری تیرۆر ھاتوون دەیانەوێ ئەو دوژمنە جیھانییە کۆتایی پێ بھێنن، گوتیشی: “موسڵ خەتەرێکی گەورەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان و پێویستە رەچاوی دوورخستنەوەی داعش بکرێ لە خاکی باشووری کوردستان، ئەگەر بابەتەکەش یەکلابوونەوەی خاک بێت، ئەوە خاکی باشووری کوردستان ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە و وەکو شارەکانی ھەرێمی کوردستان بووەتە واقیع، ھیچ کەس و ھێزێکیش دواتر ناتوانێ دەست بۆ ئەو واقیعە بەرێت”.



رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ـەوە شاری موسڵ و چەند ناوچەیەکی عێراقی داگیر کردووە و لە مانگی ئابی ٢٠١٤ قەزای شنگالی داگیر کرد، بەڵام لە رۆژی ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھێزی پێشمەرگە بە ھاوکاریی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان، توانی رزگاری بکاتەوە.








باسنیوز
Top