له عێراق هاوپەیمانان تیرۆریستانی داعشیان بۆردومان کرد

له عێراق هاوپەیمانان تیرۆریستانی داعشیان بۆردومان کرد
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا چەکدارانی داعشیان لە عێراق بۆردومان کرد و ١٧ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگە جیاوازەکانیان.

هێزی هاوپەیمانان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ١٧ هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر داعش لە عێراق، هێرشەکانیش لە بەغدادی، ئەلبو حەیات، موسڵ، ڕومادی و شەنگال ئەنجام دراون، بە شێوەیەک کە زۆترین هێرش لە ڕومادی ئەنجام دراوە کە حەوت هێرش بووە.

هاوکات لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، لە سوریا تەنها سێ هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دراوەکە سەرجەمیان لە عەین عیسا بوون.

بەپێی بەیاننامەکە، لە ئاکامی هێرشەکانیشدا، چەندین یەکە و شوێنی شەڕکردنی چەکدارانی داعش کراونەتە ئامانج، لەگەڵ تێکشکاندنی چەند ئۆتۆمبێلێکدا.

هێزی هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ٢٠١٤ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆسەر چەکدارانى داعش لە عێراقدا دەستپێکرد و لە مانگی ئەیلولیشدا هێرشەکانیان بۆسەر چەکدارانى داعش لە سوریادا دەستپێکرد.
Top