مالیکی هێرشی تووند دەكاتە سەر ئەردۆغان

 مالیکی هێرشی تووند دەكاتە سەر ئەردۆغان
نووری مالیکی هێرشی تووند دەکاتە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەڵێت "سیاسەتەکانی ئەردۆغان تێکڕای جیهان بەرەو لێواری جەنگی جیهانی سێیەم دەبات" و بە هەڕەشەشی دەزانێت بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.

نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە پەراوێزی بەشداریکردن لە پێشانگایەک بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند،"ئەردۆغان باسی ئەوەدەکات، فڕۆکە رووسییەکە چەند چرکەیەک ئاسمانی تورکیای بەزاندووە، بۆیە خستوویانەتە خوارەوە، لە کاتێکدا فڕۆکەکانی تورکیا رۆژانە ئاسمانی عێراق و سووریا دەبەزێنن و تانکەکانی بەئارەزووی خۆیان هاتووچۆدەکەن و لە بەرامبەردا ناوخۆ و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بێدەنگن".

نووری مالیکی ، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەشڵێت، سیاسەتی دووفاقی و دووژمنکارانەی ئەردۆغان، هەڕەشی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە جیهان دەکات".

گوتیشی "ئەردۆغان ناوەستێ لە ئاسانکاریکردن بۆ جموجۆڵەکانی داعش و هەڕەشەیە بۆسەرهەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لە نێوبردنی پەتای تیرۆر کە لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە".

مالیکی داوای لە حکومەتی عێراق و وڵاتانی هەرێمی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو هەڕەشەیەی كە ئەردۆغان لەسەر ئاسایشی ناوچە و جیهان دروستیكردووە.











رووداو
Top