حەشدی شەعبی بۆ 50 هەزار چەكدار 110 هەزار مووچە وەردەگرێ‌

 حەشدی شەعبی بۆ 50 هەزار چەكدار 110 هەزار مووچە وەردەگرێ‌
پەرلەمانتارانی كورد كە ئەندامی لیژنەكانی نێوخۆ و بەرگرین لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێن حكومەتی ناوەندی لە بودجەی 2016دا بایەخێكی زۆر زیاتر لە سوپای بە حەشدی شەعبی داوە. فەرماندەی لیوایەكی حەشدی شەعبیش كە كوردە، دەڵێت خاوەنی چەكی بەهێز و بودجەیەكی باشن و بەر لە كۆتایی ئەمساڵیش دووبارە دەرگای وەرگرتن دەكەنەوە.

رۆژی 13ی حوزەیرانی 2014، فەتوایەكی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق تەرازووی هێزی سەربازیی لە عێراق بە تەواوی گۆڕی كاتێك داوای لە خەڵك كرد، بۆ پاراستنی شارە گەورەكانی وەك بەغدا و كەربەلا و نزرگە پیرۆزەكان بەلای شیعەوە، لە بەرامبەر داكشانی داعشدا دەست بدەنە چەك.

كاریزما ئاینییەكەی شیعە، ئەو پیاوەی عێراقییەكان نایبینن و تەنیا گوێیان لەو پەیامە ئاینییانە دەبێ‌ كە لە زمانی یاریدەدەرەكانییەوە دێتە دەرێ‌، داوای كرد خەڵك پەیوەندی بەو هێزەوە بكەن كە بەناوی حەشدی شەعبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی داعش پێكدێ پاش ئەوەی سوپا لە بەرامبەریدا هەرەسی هێنا و پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەددینی بەدەستەوە دا. رۆژانی دواتر دەركەوت، كاریگەریی سیستانی تەنیا ئاینی و كۆمەڵایەتی نییە و دەتوانێ‌ باڵانسی هێز و سوپا بەو شێوەیە رێكبخاتەوە كە لە خزمەتی پاراستنی هەژموونی شیعەدایە.

ئەمڕۆ سەركردەكانی حەشدی شەعبی زۆرتر لە سەركردەكانی سوپای عێراق قسە لەبارەی شەڕی داعش و دوا گۆڕانكارییەكان دەكەن. هەرچەندە هێشتا سوپا بە شێوەیەكی فراوانتر لە بەرەكانی شەڕدایە.
كەریم نووری، گوتەبێژی حەشدی شەعبی دەڵێ‌ ئێستا هێزەكانیان لە رێگەی نێوان كەركووك- ئەنبار و چوارڕیانی دۆڵی سینییە و باكووری بێجی و چیاكانی مەكحول و گوندی زوییە و كۆشكەكانی كۆماری و ناوچەی فەتحە و زورگەكانی حەمرین و عەلاس جێگیركراون.

كەریم نووری باسی پێویستیی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەكات و دەڵێت "ئەو گرژییانەی لە خورماتوو روویاندا، كار لە پەیوەندیی نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە ناكەن و دەبێ‌ بۆ شەڕی مووسڵ هەماهەنگیمان هەبێ‌".

بەڵام كورد ئەو هێزە بە مەترسی لەسەر داهاتووی خۆی دەزانێ‌، بەتایبەتی ئەوكاتەی زۆرتر بەهێز دەبێت و عێراق دەكەوێتە قۆناغی دوای داعشەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامادەكارییەی حكومەتی ناوەندی دەیكات بۆ بەهێزكردنی حەشدی شەعبی لەڕووی بودجە و چەكەوە.

داوای دوو تریلیۆن دینار دەكەن

"ئەمساڵ ترلیۆنێك و 187 ملیار دینار بۆ حەشدی شەعبی لە بودجەی عێراق دیاری كراوە و هێشتا داوای تریلیۆنێك دیناری دیكەش دەكەن". ئەحمەد رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هێما بە ژمارەكانی بەردەستی دەكات لە نێو بودجەدا و دەڵێ‌ "ئێستا حەشدی شەعبی پێنج هێندەی پێشمەرگە بودجەی دەخرێتە بەردەست".

هەرچەندە عێراق لە قەیرانی داراییدایە و بەو هۆیەوە وەبەرهێنان لە پەلوپۆ كەوتووە، كەچی وەك ئەحمەد رەشید دەڵێ‌ ساڵی رابردووش لەگەڵ دروستبوونی ئەو هێزە نافەرمییەدا، دوو تریلیۆن و چەند ملیار دینارێكیان پێدرابوو، بەڵام دادگای فیدراڵی تریلیۆنێك دیناری رەتكردەوە.

حەشدی شەعبی لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بەڵام زۆربەی چاودێرانی رەوشی سیاسی عێراق وای بۆدەچن، بەهۆی پێكهاتە ئاڵۆزەكەی حەشدەوە كە زیاتر لە 30 كەتیبە و سەرایای جیاوازی تێدایە، بەڕاستی لە ژێر فەرماندارێتی عامریدا نەبن.

حەشدی شەعبی هێزێكی نانیزامییە و لەسەر شێوازی بەسیج لە ئێران پێكهاتووە و پێشبینی دەكرێ لە داهاتوودا ببێتە حیزبوڵڵایەكی دیكەی هاوشێوەی ئەوەی لە لوبنان هەیە.

تەنیا 50 هەزار چەكدارن

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت حەشدی شەعبی لای شەقامی شیعە و هێزە شیعییەكان پلە یەكە و وەك رزگاركەری عێراق تەماشای دەكەن "ئەوان پێیانوایە ئەگەر حەشدی شەعبی نەبووایە دەسەڵاتی شیعە لە عێراق كۆتایی دەهات، بۆیە لەڕووی بودجە و چەكی قورسەوە بایەخی زۆری پێدراوە".

هۆشیار عەبدوڵڵا كەوتنی سوپا پڕچەكەكەی عێراق لە مووسڵ وەبیر دێنێتەوە و دەڵێ‌ "دەركەوت ئەو سوپایەی مالیكی شانازی پێوە دەكرد فشەڵ بوو، لەلایەكی دیكەشەوە وەزارەتی بەرگری لە بەشی سوننەیە و ئەو بایەخەی پێنادرێ‌ كە بە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێ‌".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەو ژمارەیە بە هەڵە دەزانێ‌ كە لەبارەی حەشدی شەعبییەوە بڵاودەكرێتەوە و دەڵێ‌ "ژمارەی راستەقینەیان لە 50 هەزار زیاتر نییە، ئێران مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نزیك نین لێیانەوە، هۆیەكەش ئەوەیە، ئەمریكییەكان گوتیان ئەو زانیارییانەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پێمان دەدەن لە بەرەكانی جەنگ و لەكاتی بۆردوماندا هەڵەن و خەڵك پێوە دەبن، بەڵام زانیارییەكانی پێشمەرگە راستن".

چەكداری تازە وەردەگرن

حەشدی شەعبی بەنیازە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی دیكە لە ریزەكانی خۆیدا وەربگرێ‌ و بەشێك لەوانەش لە ناوچە كێشەلەسەرەكانن. فەرماندەی یەكێك لە لیواكانی حەشدی شەعبی كە كوردێكی شیعە مەزهەبی خانەقینە، ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت "مانگی داهاتوو ژمارەیەك خەڵكی دیكە وەردەگرین، ئێستا 400 كەس لەخانەقینەوە داوایانكردووە وەریانبگرین".

ئەبو مونتەزەر، فەرماندەی لیواكەی حەشدی شەعبی، باسی لیواكەیان دەكات كە هەموویان كوردن "كوردین و پەیوەندیمان لەگەڵ پێشمەرگە باشە و خانەقین ناوچەی پێكەوەژیانی هەموومانە". گوتیشی "ژمارەی لیواكەمان 3 هەزار و 150 كەسین، لە خانەقین، مەندەلی، قەرەتەپە، سەعدیە، نەفتخانە، ئیمام وەیس هێزمان هەیە و لەناو سەعدیەش هێزمان هەیە و چەك و تەقەمەنی زۆر باشمان هەیە، هەموو سەرە مانگێك مووچە وەردەگرین".

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) دەستی كەوتوون، حەشدی شەعبی دەیەوێ‌ لەناوچەی خورماتوو هێزەكەی بەرفراوانتر بكات.

مووچەی 110 هەزار چەكدار

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە ئەگەر رێگری لە حەشدی شەعبی نەكرێت و بۆیان بچێتە سەر "دەیانەوێ‌ ئەمساڵ مووچەی 110 هەزار چەكداریان بدرێتێ‌، لەكاتێكدا ژمارەی خۆیان 50 هەزار كەسە".

شیعەی عێراق لە ماوەی رابردوودا تراژیدیای گەورەیان لەدەستی داعش بینی، بەڵام سوننەكانیش هەمان گلەییان لە مامەڵەی بێ سنوور توند و بێ بەزەییانەی حەشدی شەعبی هەبوو. ئەوە لەكاتێكدایە كە سیستانی رێنماییەكی 20 خاڵی بۆ ئەو هێزانە دەركردووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، باسی حكومەتی ناوەندی دەكات كە بەهەموو شێوەیەك دەستی ئەو هێزەی كردووەتەوە لە هەموو شوێنێك چەك و تەقەمەنی سوپا بەكاردێنن "دواتر ناشیدەنەوە بە سوپا، چەندین چەكی قورس و هەمەریان پێیە، كەسیش ناپرسێ‌ ئەو هەمارانەیان لەكوێ‌ بووە".










رووداو
Top